مردن بە سوتان بەرز بووەتەوە

لە سلێمانی گیانلەدەستدان بە رووداوی هاتوچۆ کەمیکردووە

پێشەوا محەمەد

مانگی رابردوو 50 تەرم براونەتە پزیشکی دادی سلێمانی و لە چاو ئاماری دوو مانگی رابردوودا، گیانلەدەستدان بە رووداوەکانی هاتوچۆ کەمیکردووە.

بە پێی ئامارەکانی تەندروستی سلێمانی، مانگی هەشت لە 58 حاڵەتی تۆمارکراوی گیانلەدەستدان لە پزیشکی دادی سلێمانی 11یان بە رووداوی هاتوچۆ بوون و مانگی نۆش ژمارەکە بۆ 16 حاڵەت بەرز بووەتەوە، بەڵام مانگی 10 رێژەکە بۆ نۆ حاڵەت دابەزیوە.

لە هەمان مانگدا 9 حاڵەتی گیانلەدەستدانیش بەهۆی سوتاوییەوە تۆمار کراون، لەکاتێکدا لە مانگی نۆدا گیانلەدەستدان بە سووتان چوار حاڵەت هەبووە.

لە هۆکارەکانی تری گیانلەدەستدان لە مانگی 10ـدا وەک تەندروستی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، سێيان بەهۆی كەوتنەوە خوارەوە و سێ گیانلەدەستدان بەهۆی کارەبا و سێ خنكان لە ئاودا و یەک خۆخنكاندن و یەک گیانلەدەستدان بەهۆی مادەی كیمیایی و ئەوانی دیکە بە هۆكاری جیاجیا بوون.

هەر بە پێی ئامارەکە، 40یان لەوانە لە رەگەزی نێر بوون و 10شیان لە رەگەزی مێ بوون.