بوودجەکەی 535 ملیۆن دینارە

سەرجەم کۆڵانەکانی گەڕەکێکی سلێمانی کۆنکرێت دەکرێت

پێشەوا محەمەد

شارەوانیی سلێمانی سەرجەم کۆڵانەکانی گەڕەکی 37ـەکانی کەڵەکن کۆنکرێت دەکات و پاشانیش کەرپەستۆن بۆ شۆستەکانی دادەنێت.

پڕۆژەکە زیاتر لە 30 کۆڵان دەگرێتەوە و زیاتر لە 535 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە.

زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەو پڕۆژەیە دەمێک بوو لە پلانی شارەوانیدا بوو و ئێستا کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

وتیشی، “شارەوانی دەیەوێت سەرجەم خزمەتگوزارییەکان بگەیەنێتە گەڕەکەکانی ناو سنووری ماستەرپلانی شاری سلێمانی”.

بڕیارە پاش تەواوکردنی تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ، دەستبکرێت بە کاری رێککردنەوە و تێکەڵەڕێژکردنی شەقامەکە و ئامادەکردنی بۆ مەبەستی کۆنکرێت کردن و دانانی کربستۆن بۆ تەواوی شەقام و کۆڵانەکانی 37ـەکانی کەڵەکن.