دیمه‌نێك له مه‌ڕاسیمى راده‌ستكردنه‌وه‌ى زه‌ویه پاككراوهكان به خاوه‌نه‌كانیان ... وێنه: راگه‌یاندنى ناحیه‌ى شوان
زیاتر له 900 هه‌زار مه‌تر دووجایه
15 كێڵگه‌ی مین به پاككراوه‌یی راده‌ستى جوتیارانى ناحیه‌ى شوان كرایه‌وه
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ده‌زگاى كاروبارى مین له هه‌رێمی كوردستان 15 كێڵگه مینى به پاككراوه‌یی راده‌ستى خاوه‌نه‌كانیان له سنوورى ناحیه‌ى شوان كرده‌وه و ده‌شڵێن، رووبه‌رى كێڵگه‌كان زیاتر له 900 هه‌زار مه‌تره.
مەراسیمی رادەستکردنەوەكه لە کۆمەڵگای خاڵخاڵانی ناحیەی شوانى سه‌ر به قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ به‌ڕێوه‌چوو، تێیدا ستافى ده‌زگاى MAG و ده‌زگاى گشتى كاروبارى مین و خاوه‌نه‌كانیان ئاماده‌بوون.
15 كێڵگه مینه‌كه له 15 پارچه زه‌وى جیاواز پێكهاتبوون، مین و ته‌قه‌مه‌نى پاشماوه‌كانى جه‌نگیان تێدابووه.
عه‌لى میران، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ته‌كنیكى له ده‌زگاى گشتى كاروبارى مین بۆ 964 ئاشكراى كرد، رووبه‌رى ته‌واوى زه‌وى ئه‌و كێڵگه مینانه 933 هه‌زار و 700 مه‌تر دووجا بووه.
وتیشی “258 مین و ته‌قه‌مه‌نى جیاجیا له ناو ئه‌و كێڵگانه‌دا بوونه و له‌لایه‌ن تیمه‌كانمان پاككراونه‌ته‌وه”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، كێڵگه مینه‌كان دواى پاككردنه‌وه‌یان له‌لایه‌ن خاوه‌نه‌كانیانه‌وه بۆ كارى كشتو‌كاڵى و ئاژه‌ڵدارى به‌كار ده‌هێندرێنه‌وه.