لە دهۆک

لانکی منداڵ نرخەکەی بەرزبووەتەوە و خواستی زۆری لەسەرە

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

لانک یاخود بێشکەی منداڵان هەتا ئێستا باوی ماوە و لە دهۆک نرخەکەی بەرزبووەتەوە و خواستی زۆری لەسەرە و بۆ هەر دانەیەک 10 هەزار بەرزبووەتەوە.

لە بازاڕی دوکان زیاتر لە 10دوکان هەیە، دوو جۆری لانکی داری تورکی دەفرۆشرێن، یەکێکیان سادە و ئەوەی دیکەیان نەخشی تیادا کراوە.

لانک یاخود بێشکەی منداڵ هەرچەندە لە ساڵانی رابردوو زۆر بەکاردەهێنرا و لەم ساڵانەی دواییدا تا رادەیەک کەم بووەوە، بەڵام تا ئێیستاش دهۆک یەکێکە لەو شارانەی کە لانکی زۆری لێیە و نرخەکەشی گران بووە لە چاو پێشتر.

حاجی عەلی خاوەنی دوکانێکی لانکە لە بازاڕی دهۆک بە 964ـى وت، بەهۆی داری تورکییەوە نرخی لانکی  منداڵان بەرزبووەتەوە.

وتیشی، ئەوەندە خواست هەیە، ئێمە رۆژانە لایەنیکەم سێ دانە دەفرۆشین. بەڵام داواکارییەکە زیاتر لەسەر شێوازی سادەیە.

ئاماژەبەوەشکرد، نرخەکانی  پێشتر بۆ شێوازی سادە لە نێوان 15 بۆ 18 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا نرخەکەی لە نێوان 22 هەزار بۆ 25 هەزار دینارە و نرخی لانکی نەخشداریش 25 هەزار دینارە و لە ئێستادا  بەرزبووەتەوە بۆ 30 هەزار بۆ 35 هەزار دینار.

لانک فرۆشەکان دەڵێن ، نازانن بۆچی نرخی دار ئەوەندە بەرزە، ئایا بەهۆی دۆلارەوەیە یان کەم بوونەوەی ئەو جۆرە دارەیە لەمساڵدا.

“مانگانە زیاتر لە 50 لانک دەفرۆشم، هاوڵاتیش زیاتر  خواستی لەسەر لانکی سادەیە لەبەر ئەوەی لەسەر شێوازی کۆن دروستکراوە و شکڵەکۆنەکەی جارانی هەیە، حاجی عەلی لانک فرۆش وای وت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی