درۆن واز لە هەریر ناهێنێت و ئەمریکاش وەڵامی دایەوە
+964
ژووری هەواڵ
تا ئەم بەیانییەش هێشتا بە تەواوی وێنەکەی هێرشەکەی هەریر روون نەبووەتەوە، دەنگی بەهێز بیستراوە، هەمووان دەڵێن
هێرشی درۆنی بووە، بەڵام جارێ راگەیەندراوی فەرمی دەزگا ئەمنییەکان نییە.
دوێنێ شەو لە دوو کاتی جیاواز (پێش کاتژمێر 12 و پێش کاتژمێر یەک) دوو دەنگی بەهێز لە قەزای هەریر بیسترا، شایەتحاڵەکانی ناوچەکە بە 964یان وت دەنگەکان لەو بنکەیەوە هاتووە، کە سوپای ئەمریکا بەکاریان دەهێنا.
یەکێک لە شایەتحاڵەکان وتی لە پڕ دەنگێکی زۆر بەهێز هات، “بەڵام هیچمان نەبینی، تەنیا گوێبیستی دەنگەکە بووین”.
سەرچاوەکانی ناوچەکە و سەرچاوە ئەمریکییەکانیش دەڵێن هێرشی درۆنی بووە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لەو قهزایه بیستنى دەنگەکەی بۆ 964 پشتڕاستكردهوه و وتی ”دهنگهكه له دهنگه بیستراوهكانى پێشوو دهچوو، كه لە نزیکی فڕۆكهخانهی هەریر بووە، هێزە ئەمنییەکان یەکسەر چوونە شوێنەکە بۆ لێکۆڵینەوە”.
دەوروبەری کاتژمێر 1:30 ئەو گرووپەی ناویان لە خۆیان ناوە مقاوەمەی ئیسلامی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێن ئەوان کارەکەیان کردووە و دوو درۆنیان ئاراستەی بنکەی هەریر کردووە ”ئامانجەکەیان پێکاوە”.
ئەمە بیست و شەشەمین جارە ئەو گرووپە رایدەگەیەنێت لە هەرێم و لە عێراقدا چالاکییان ئەنجامداوە.
بەرپرسانی ئەمریکی درەنگانی شەو بە ئاژانسی رۆیتەرزیان وتووە، هێرش کراوەتە سەر بنکەکە.
تا ئێستا هیچ دەزگایەکی ئەمنیی فەرمی لە هەرێمی کوردستان زانیاری لە بارەی ئەم هێرشەوە نەداوە.
هەر دوێنێ شەو وەزیری بەرگری ئەمریکا لوید ئۆستن رایگەیاند لە خۆرهەڵاتی سوریا بە فڕۆکەی F15 هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ”سوپای پاسداران و ئەو هێزانەی سەر بەو سوپایەن”.
دەڵێت ئەمە لە وەڵامی ئەو هێرشانە بووە کە کراوەتە سەریان