11 پاڵاوگەی نایاسایی لە قەزای سێمێل دەکەونەوە کار

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

لە قەزای سێمێل 11 پاڵاوگەی نایاسایی دەکەونەوە کار، قایمقامی قەزاکە دەڵێت، لەبەرئەوەی پێویستیان بە سوتەمەنیە ئەو کارە دەکەن.

پاڵاوگەکان لە ناوچەی کواشێن لە قەزای سێمێلی سەر بە پارێزگای دهۆک، سەرەتای ئەم مانگە لەگەڵ 26 پاڵاوگەی دیکەی نایاسایی داخران.

خەلیل مەحمود، قایمقامی قەزای سێمێل بە +964ـی راگەیاند، رێگەمان بە کارکردنەوەی ئەو 11 پاڵاوگەیە داوە بەو مەرجەی لە ماوەی دوو مانگدا تەواوی رێنماییەکانی سەلامەتی و تەندروستی و ژینگەییەکان جێبەجێ بکەن.

964+ دەزانێت، پارێزگای دهۆک 45 پاڵاوگەی نایاسایی تێدابووە.

 ئیدریس حەسەن عەلی، دانیشتووی کۆمەڵگای باستکێی سەر بە قەزای سێمێل دەڵێت، “دووریی نێوان ئێمە و پاڵاوگەکان 10 کیلومەترە، بۆنێکی زۆر ناخۆش بەسەر ناوچەکەدا بڵاوبووەتەوە بەتایبەت لە شەواندا”. ئەو هاوڵاتیە لە رێگەی +964ـەوە داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکات بە هانایانەوە بچن و پاڵاوگەکان دابخەن.