وێنەی وەزیری بازرگانی هەرێم لەگەڵ کونسوڵگەری یابان. وێنە: وەزارەتی بازرگانی.
لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی کۆبونەتەوە
یابان دەیەوێت کاڵا و شتومەکەکانی لە هەرێم زیاد بکات
964+
توانا نەقی
وەزارەتی بازرگانی هەرێم و کونسوڵگەری یابان لە هەولێر قسەیان لەبارەی پەیوەندی بازرگانی نێوان هەرێم و یابان کردووە و یابان دەیەوێت وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێم بکات و وەزارەتی بازرگانی دەڵێت، وڵاتی یابان دەیەوێت هەناردەی کاڵاو شمەکەکانی و زیادکردنی رێژەی کۆمپانیاکانی لە هەرێم زیاد بکات.
ماردین ئەبوبەکر وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی هەرێم بە 964ـی وت، وڵاتی یابان زۆرترین کاڵای دێتە بازاڕەکانی هەرێمەوە و خواستیشی زۆر لەسەرە، بۆیە لەگەڵ ئەو وڵاتە بەردەوام لە پەیوەندیدان و ئەوانیش پێیان خۆشە قەبارەی وەبەرهێنانەکانیان لە هەرێمی کوردستان زیاد بکەن.
وتیشی، ژمارە کۆمپانیا یابانییەکان لە هەرێم چوار دانەیە و چاوەڕێدەکەن لە داهاتوودا زۆر زیاتر ببێت، کۆمپانیاکانیش لە بوارە جۆربەجۆرەکان کاردەکەن، ئەمە جگە لەو کاڵاو شمەکانەی کە لەلایەن بازرگانانی هەرێمەوە لەو وڵاتەوە دەهێنرێتەوە هەرێمی کوردستان.
وڵاتی یابان بە گرنگییەوە لە هەرێمی کوردستان دەڕوانێت بۆ ئەوەی کاری وەبەرهێنانی بازرگانی لە بوارە جیاوازەکدا بکات، هەر لە بواری خانوبەرە و ئۆتۆمبێل تا دەگاتە پێداویستی هاوڵاتیان لە بازاڕەکاندا، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی وای وت.