بڕوانامەی یەکەمبوونی سیروان کەمال لە پێشبڕکێکە
سێیەم جاریەتی
خۆشنووسێکی خەڵکی سلێمانی لە ئیماڕات یەکەم دەبێت
پێشەوا محەمەد
خۆشنووسێکی خەڵکی شاری سلێمانی لە وڵاتی ئیماڕات لە ناو 460 خۆشنووسی 36 وڵاتی جیاوازی دونیادا پلەی یەکەمی خۆشنووسترینیانی وەرگرت.
ئەو خۆشنووسە سیروان کەمالە و دانیشتووی شاری ئیستەنبووڵی تورکیایە و ساڵانێکی زۆرە هەر بە پیشەی خۆشنووسییەوە سەرقاڵە.
سیروان کەمال بە 964ـی راگەیاند، ساڵانی 2016 و 2022ـش هەمان خەڵاتم وەرگرتووە و بەم ساڵەوە سێیەم ساڵە لەو پێشبڕکێ جیهانییەدا دەبێت بە یەکەم.
وتیشی، “پێشتر ستایل و شێوازی نووسینەکانمان دەنێرین و هەمووی نووسینی قورئانی پیرۆزە، چەند مانگێک دەرفەتمان هەیە و دواتر نووسینەکان دەنێرینەوە بۆ لیژنەکان و بڕیاری لە بارەوە دەدرێت”.
“کارێکی گرنگ و بەرچاوە لەناو 460 خۆشنووس یەکەم بیت، کە سەر بە کولتوور و هونەری جیاوازن و توانای جۆراوجۆریان تێدایە، بەڵام ماندووبوون و خۆشویستنی کارەکە دەتوانێت بتگەیەنێت بە هەرشتێک کە مەبەستتە”، سیروان کەمال وا دەڵێت.