89 ساڵ ژیا

پیاوە گەروو ئاڵتوونییەکەی فارس کۆچی دوایی کرد

توانا نەقی

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە هونەرمەندی مۆسیقی و گۆرانیبێژی فارس ئەکبەر گوڵپایگانی ناسراو بە گوڵپا لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دوایکرد، فارسەکان بە گوڵپایان دەگوت پیاوە گەروو ئاڵتوونییەکە.

میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، گوڵپایگانی لە نەخۆشخانەیەکی ئێران و بە نەخۆشی کۆچی دوایکردووە، پێشتر نەشتەرگەری دڵی بۆ کرابوو.

محەمەد گوڵپایگانی برای ئەو هونەرمەندە لە بارەی مەرگی براکەیەوە دەڵێت، دواجار یەکێک لە ئەستێرەکانی دنیای مۆسیقا و گۆرانی ئێران لە تاران کۆچی دوایی کرد.

گوڵپا یەکێک بوو لە هونەرمەندە رەسەنەکانی ئێران و ئەندامی یەکێتی هونەرمەندانی ئەو وڵاتە بوو، ئەو هونەرمەندە لە جیلی هەریەک لە هونەرمەندان محەمەد رەزا شەجەریان و ئیرەجی گوڵفرۆش و هایدە بوو.

لەبەرئەوەی تۆنێکی بەرزی دەنگی هەبوو لە ناو هونەر و مۆسیقای فارسدا بە پیاوە گەروو ئاڵتوونییەکە ناوبراوە و لە پاش خۆی چەندین بەرهەمی مەقام و ئاوازی فارسی بە جێ هێشتووە.