قیرتاوکردنی شەقامێکی سلێمانی لە ساڵی رابردوودا - وێنە: شارەوانی سلێمانی
"تا بارانبارین ناوەستن"
شارەوانیی سلێمانی دەیەوێت ئەمساڵ ریکۆردی قیرتاوکردن بشکێنێت
964+
پێشەوا محەمەد
شارەوانیی سلێمانی ساڵی رابردوو 300 هەزار مەتر دووجا قیرتاوی کردووە، بەڵام وتەبێژەکەی دەڵێت، پلان وایە ئەمساڵ لەو رێژەیە زیاتر قیرتاو بکەن.
بە پێی پلانی شارەوانیی سلێمانی بێت، ئەمساڵ پلانیان نییە لە کاتێکی دیاریکراودا لە قیرتاوکردنی گەڕەک و کۆڵانەکان بوەستن، بەڵکو هەتا بارانبارین دەیانوەستێنێت ئەوان هەر خەریک دەبن.
964 لە شارەوانیی سلێمانییەوە دەزانێت، ئەمساڵ تا ئێستا سەرووی 250 هەزار مەتر دووجا قیرتاو کراوە.
“یەک کارگەی قیرمان هەیە و ئەویش بەشمان ناکات و فریا ناکەوێت، وانەبووایە دەمانتوانی کاری زیاتر بکەین و رێژەی قیرتاوکردن زۆر بەرز بکەینەوە”، ئەوە قسەی زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانییە بۆ 964.
کارگەی قیری تانجەرۆ، کارگەی تایبەتی شارەوانیی سلێمانییە بۆ بەرهەمهێنانی قیر، ساڵانە لە ناوەڕاستی مانگی یەک تا کۆتایی مانگی سێ بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە لە بەرهەمهێنان دەوەستێت و سەرجەم ئەو قیرەی شارەوانی بەکاری دەهێنێت لەوێوە بەرهەم دەهێندرێت.
وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی وتیشی، “ئەمساڵ و ساڵی رابردوو، بۆ قیرتاوکردن لە ناو شاری سلێمانی دوو ساڵی زۆر باش بوون لە چاو ساڵانی رابردووتردا”.
سەربەست حسێن، ئەندازیاری شارستانی بە 964ـی راگەیاند، شەش مەتری شەقام و کۆڵانەکان قیرتاو دەکرێن، ئەو 300 هەزار مەترە چوارگۆشەیەی شارەوانیی سلێمانی ساڵی رابردوو قیرتاوی کردووە دابەشی شەش مەتر دەکرێت و دەردەکەوێت بە درێژی 50 کیلۆمەتر قیرتاو کراوە.
واتا شارەوانی سلێمانی ساڵی رابردوو بە درێژایی سلێمانی تا نزیک دوکان قیرتاوی لە گەڕەک و شەقامەکانی سلێمانی کردووە.