دیمەنی هاوینەهەواری بێخاڵ _ وێنە: دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان
وەزارەتی بازرگانی وادەڵێت
نرخ لە ناوچە گەشتیارییەکان دیاری دەکرێت و کەس بۆی نییە زیادی بکات
964+
توانا نەقی
دەستەی گەشتوگوزار و وەزارەتی بازرگانی دەیانەوێت نرخی شوێنە گەشتیارییەکان رێکبخەنەوە، ئیتر ئەوە نامێنێت ناوچەی گەشتیاری سەربەخۆ نرخ دیاری بکەن و زیاد لە گەشتیار وەربگرن.
وەزارەتی بازرگانی بڵاویکردەوە، دەستەی گەشتوگوزار لە رێگەی لیژنەکانی پۆلین و پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتییەکان، لەمەودوا زیاتر چاودێری ئاستی کوالێتی خزمەتگوزاری و نرخ لە شوێنە گەشتیارییەکان دەکەن.
بڕیارە باج و رسوماتی بنکە و ناوچە گەشتیارییەکان پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر نرخ لە ناوچە گەشتیارییەکان.
نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری بازرگانی هەرێم بە 964ـی وت، “خەڵک و گەشتیارێکی زۆر گلەییان لە نرخی ئۆتێل و خزمەتگوزاری ناوچە گەشتیارییەکان هەیە، ئەو هەلە دەقۆزنەوە و نرخ زۆر بەرز دەکەنەوە، بۆیە چیتر ناهێڵن وا بمێنێتەوە”.
وتیشی، دوای ئەوەی لیژنەکە بەدواداچوونەکانی تەواو کرد لە سەرجەم ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێم، ئەوە نرخەکان دیاری دەکەن و هەرکەس پێوەی پابەند نەبێت سزادەدرێت.
لیژنە هاوبەشەکەی بازرگانی و گەشتوگوزار بە کرداری دەست دەکەن بە بەسەرکردنەوەی ناوچە گەشتیارییەکان و دواتر نرخەکان بڵاو دەکەنەوە و نابێت کەس لێی لابدات.