فێستیڤاڵە گەورەکە نزیک بووەتەوە
گەشتیارێکی زۆر بەڕێوەیە بۆ هەڵەبجە
964+
محەمەد عومەر – هەڵەبجە
بڕیارە رۆژی پێنج شەممە 2.11.2023 نۆیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە بەڕێوەبچێت و سێ رۆژ دەخایەنێت.
فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە ساڵانە لە مانگی 11 لە پارکی شاری یاری هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت.
چیا قاسم بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە 964ـی وت، سەرجەم ئامادەکاریەکانیان کردووە بۆ هاتنی گەشتیاران لە ناوخۆی هەرێم و خوارو ناوەڕاستی عيراقەوە و پێشبینی دەکەن بۆ ئەمساڵ بە سەدان هەزار گەشتیار رووبکەنە پارێزگای هەڵەبجە.
وتیشی، نامەی بانگهێشتکردنمان بۆ سەرجەم کونسوڵخانەکان ناردووە و لەگەڵ زۆربەی کۆمپانیا گەشتوگوزارییەکانی هەرێم و عێراق هەماهەنگیمان کردووە ئاگادارمان کردونەوتەوە لە کاتی فێستیڤاڵی هەنار، بۆیە بەخۆشحاڵیەوە زۆربەی کۆمپانیا گەشتوگوزاریەکان پاسیان تایبەت کردووە بۆ ئەوەی لە هەرسێ رۆژی فێستیڤاڵەکە گەشتیار بهێننە پارێزگای هەڵەبجە.
بەپێی ئاماری تۆڕی رێکخراوەکانی هەڵەبجە تەنیا لە ساڵی رابردوودا لە هەشتەمین فێستیڤالی هەنار و پایزی هەڵەبجە 250 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە و فرۆشیش تیایدا 950ملیۆن دینار بووە، 750 خاوەن بەرهەم لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدار بوون، 487 خاوەن بەرهەمیان ژن بوون.
پێداچوونەوە: توانا نەقی