خولی ئەستێرەکان

دهۆک ئاگری نەورۆزی لە سلێمانی کوژاندەوە

+964
یادگار محەمەد – سلێمانی

لە یاریی دێربیی کوردستان  لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، نەورۆز لە یاریگەی سلێمانیدا بە گۆڵێکی بێ وەڵام بەرامبەر بە دهۆک تووشی شکست هات.
یارییەکانی گەڕی دووەمی خولی تۆپی پێی ئەستێرەکانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە دەستیپێکرد و یانەی نەورۆز لە یاریگەی سلێمانی میوانداریی یانەی دهۆکی کرد.
لە سەرەتاکانی گێمی یەکەمەوە یاریزانانی دهۆک باشتر دەرکەوتن و لە خولەکی 18 یانیک زاکیری بە هەوڵی تاکە کەسی گۆڵی پێشکەوتنی بۆ دهۆک تۆمارکرد.

لە گێمی دووەم یاریزانانی نەورۆز هەوڵیان دا هاوسەنگی بۆ ئەنجامی یارییەکە بگەڕێننەوە، لە خولەکی 62 بۆ یەکەمجار لە رێگەی ڤارەوە ناوبژیوان هیران ئەحمەدی یاریزانی دهۆکی بە کارتی سور کردە دەرەوە، پێش تەواوبوونی یارییەکەش بە سێ خولەک ناوبژیوان فیکەی پەناڵتی لە سوودی نەورۆز لێدا، بەڵام دوای گەڕانەوەی بۆ سیستمی ڤار پەناڵتییەکە هەژمار نەکرا و و یارییەکەش بە گۆڵێکی بێ وەڵام لە سوودی دهۆک کۆتایی هات.
دوای یارییەکە هەرێم تەحسین یاریزانی دهۆک بە 964ـی وت، یارییەکانی دێربیی کوردستان هەمیشە بەهێزن، بە تایبەتیش ئەگەر تیپی بەرامبەر یانەی نەورۆز بێت، بەڵام توانیان سێ خاڵی گرنگ دەستەبەر بکەن.
لای خۆیەوە باکۆ عومەر یاریزانی یانەی نەورۆز بە 964ـی وت، توانیان یارییەکی باش بکەن، بەڵام نەیانتوانی سوود لەو هەلانە وەربگرن، کە لە یارییەکەدا بۆیان دروست بووە.
بەم شکستە یانەی نەورۆز یەکەم دۆڕاندنی تووش بوو لەسەر یاریگەی خۆی، هەرچەندە یاریی یەکەم لە بەغدا لە یانەی زەوڕای بردەوە.

یانەی دهۆکیش دووەم سەرکەوتنی لە خولەکەدا تۆمارکرد و بووە خاوەنی شەش خاڵ.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

"دهۆک" لە بازگه‌ی "شوڕته‌" خۆی ده‌رباز كرد