رێژەی گەشتیار لە دهۆک ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
لە ماوەی یەک ساڵدا، لە سنووری پارێزگای دهۆک ٨١ شوێنی تازەی گەشتیاری کراونەتەوە، بە قسەی کاربەدەستانی ئەو شارە بەراورد بە ساڵی رابردوو، نزیکەی ملیۆنێک گەشتیار زیاد بووە.
ئەمڕۆ ٢٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢، لە ئامارێکی نوێدا، بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری دهۆک، زیادبوونی رێژەی گەشتیاری لە پارێزگاکە راگەیاند.
لە ئامارەکە خراوەتەڕوو ساڵی ٢٠٢١، ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار گەشتیار روویان لە پارێزگای دهۆک کردبوو، بەڵام لەساڵی ٢٠٢٢، رێژەکە بۆ دوو ملیۆن و ٣٤٠ هەزار گەشتیار بەرز بووهتەوه.
خەیری ئوسو، بەرێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دهۆک، هۆکاری ئەو جوڵە گەشتیارییە دەگێڕێتەوە بۆ کردنەوەی شوێنی نوێی گەشتیاری.
ئهو بە 964+ی وت: “لە ماوەی ساڵێکدا ٨١ شوێنی گەشتیاری نوێ لە پارێزگای دهۆک کراوەتەوە، ٧٥ لەو شوێنانە لە سەنتەری دهۆک و شەشیان لە سنووری قەزای ئامێدی بووە، پرۆژەکان، کافێ، رێستۆرانت و هۆتێلی گەورەن”.
وتیشی “پلانمان هەیە لە ئەیلولی ساڵی نوێ، فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی لە دهۆک رێک بخەین، بەو هۆیەوە جوڵەی گەشتیاری زۆر زیاتر دەبێت”.
964+ زانیویەتی لە پارێزگای دهۆک ٩٠٠ شوێنی گەشتیاری وەک رێستۆرانت و هۆتێل هەیە، هاوکات ٢٥٠ شوێنی سروشتی وەک سەیرانگه هەیە.