پڵنگی دەگمەنن
دوو پڵنگی سپی لە باشوری ئەفریقاوە گەیشتنە هەولێر
964+
فەهمی نەبی
درەنگانی شەوی رابردوو دوو پڵنگی سپی دەگمەن لەرێگەی فڕۆکەخانەی بەغدا گەیشتن و لە قەفەسێکی گەورە گەیەندرانە هەولێر، ئەو پڵنگانە لە باشوری ئەفریقاوە هاتبوون و ئیدی ماڵی هەمیشەییان دەبێتە باخچەی ئاژەڵانی هەولێر.
ستافی باخچەی ئاژەڵانی هەولێر دەڵێن، ئەو باخچەیە پێشووتر جووتێک پڵنگی لەمجۆرەی هەبووە، بەڵام کێش و قەبارەیان بچووک بووە، بە هاتنی ئەم جووتە پڵنگە ئێستا باخچەی ئاژەڵانی هەولێر خاوەنی دوو جووت پڵنگی دەگمەنە کە لەناوچەکە نییە.
هێرش تەیار خاوەنی باخچەی ئاژەڵانی هەولێر بۆ 964 وتی، ئەوانە دوو پڵنگی سایبیرین، رەنگیان سپییە و هێڵداری ئاڵتونیان تێدایە، تەمەنیان نزیکەی سێ ساڵە، بەپێی بەدواداچوونەکان لە هەموو دونیا 120 جووت لەو جۆری پڵنگە ماون، سەرجەمیان لە باخچەکانی ئاژەڵان دەژین لە وڵاتان.
بەوتەی هێرش تەیار، پڵنگەکان تەندروستیان زۆرباشە و کەرەنتین کراون تا 40 رۆژی دیکە و تێکەڵی ئاژەڵەکانی دیکە ناکرێن، ئەو دکتۆرەی پشکنینی بۆ پڵنگە نێر و مێیەکە کردووە دەڵێت، ساڵی داهاتوو ئامادە دەبن بۆ زاوزێ کرد.
خاوەنی باخچەی ئاژەڵانی هەولێر دەڵێت، ئەو پڵنگانە بەرنامەی خواردنیان تایبەتە و شەش رۆژ خواردنیان پێدەدرێت و رۆژێک بە رۆژوو دەبن، هەر یەک لەو پڵنگانە بەلایی کەمی رۆژانە حەوت کیلۆ گۆشتی سوور و سپی دەخۆن.
هاتنی ئەو پڵنگانە بێ کێشە نەبوون
ساڵێک زیاترە ستافی باخچەی ئاژەڵانی هەولێر لە هەوڵدان بۆ هێنانەوەی ئەو پڵنگانە، بەڵام دواجار لە رێگەی فڕۆکەخانەی بەغداوە هێنرانەوە.
هێرش تەیار دەڵێت، “لەبەرئەوەی تەعریفەی گومرگی لە عێراق 10 جار هەرزانترە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بۆیە لە رێگەی فڕۆکەخانەی بەغداوە هێنامانەوە، داوا دەکەین پێداچوونەوە بە تەعریفەی گومرگی هەرێم بکرێت، جگە لەوە لە فڕۆکەخانەی بەغدا ئاسانکاری زۆر بۆ هێنانی ئاژەڵ دەکرێت، ئەو دوو پڵنگە تەنیا دوو سەعات لە فڕۆکەخانە مانەوە و ئاسانکاری کرا بۆ خێرا هاتنە ژوورەوە”.
بەوتەی هێرش تەیار، تا بەهاری ساڵی داهاتوو فیل و زەرافە و کەرکەدەن دەگەن، بەمجۆرە باخچەی ئاژەڵانی هەولێر هەموو ئاژەڵێکی دەبێت و تەواو دەبێت.