قەرەجەکان ناویان گۆڕی
نوێنەرەکەیان: ئیتر ناومان دۆمە و بە قەرەچ بانگمان مەکەن
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
لە پارێزگای دهۆک فێستیڤاڵی دۆمەکان “قەرەج” بەڕێوەچوو، ئەوان لەلای خۆیان یەکلاییان کردەوە، کە ئیتر دەبێت بە دۆم یان هۆستا”وەستا” ناو بهێنردرێن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 29.10.2023 فێستیڤاڵە دوو رۆژییەکە لە هۆڵی محەمەد عارف جزیری، لە سەنتەری پارێزگای دهۆک دەستیپێکرد، بەشداربووان لە هۆزی دۆمەکان و “قەرەجەکان” لە هەرچوار پارچەی کوردستان بەشدار بوون.
نەجمان موسا، جێگری نوێنەری دۆمەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە 964ی وت، ئەمڕۆ یەکەم رۆژی فێستیڤاڵی دۆمەکان بەڕێوەچوو، ئەم فێستیڤاڵە گرنگییەکی زۆری بۆ ئێمە هەیە، لە رێگەیەوە ویستوومانە بە هەموو کەسێک پیشان بدەین، ئێمەش بەشێکین لە خەڵکی کوردستان و نامانەوێ هیچ کەسێک بە چاوێکی کەم تەماشامان بکات.
فێستیڤاڵی قەرەچەکان لە دهۆک ئەنجام دەدرێت
وتیشی، ئەمڕۆ داوامان کردووە بە هیچ شێوەیەک ناوی “قەرەج” لەسەر ئێمە نەمێنێت و ناوی ئێمە لە نێو خەڵکدا ببێت بە “دۆم”، چونکە ناوێکی جیهانییە و بەکارهێنانی ناوی “قەرەج” زۆر پێمان ناخۆشە و داوا لە هەموو کەسێک دەکەین بەم وشەیە بانگمان نەکەن، هەر بۆیە %95 دۆمەکان ناڕازین بە بانگکردیان بە قەرەج.
لە بارەی ژمارەی دۆمەکان “قەرەجەکان”، نەجمان موسا بە 964ی وت، تا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی نازانین، چەند دۆم لە دهۆک هەن، بەڵام رێژەی دۆمەکان لە هەموو کوردستان و عێراق زیاترە لە 40 هەزار کەس، زیاتر دۆمەکان لە هەرێمی کوردستان لە هەولێر نیشتەجێن.
زۆرێک لە دۆمەکان، بە کاری کرێکاری، کاری دەستی، یان فەرمانبەر و وەستایی سەرقاڵن، هەندێکیشیان فێری سواڵکردن بوونە، ئەمڕۆ یەکەم رۆژی فێستیڤاڵەکەیان بوو بەشداربووان لە دهۆک، هەولێر، سوریا و تورکیا بەشداریان تێدا کرد، بەیانی رۆژی دووەمی فێستیڤاڵەکەیە لە کۆمەڵگای ئادار لە ناحیەی فەیدیی.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا