لە کۆشکی سپییەوە قسەیان بۆ رۆژنامەنووسان کرد

ترەمپ: بۆم گرنگ بوو زەیدی ببێ بە سەرۆک وەزیران، رکابەرەکەی کەسێکی خراپ بوو

شۆڕش قادری

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا تا توانی وەسف و سەنای عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کرد و ئاشکراشیکرد، بەلایەوە گرنگ بووە زەیدی ئەو پۆستە وەربگرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 14.7.2026 دۆناڵد ترەمپ لەبەردەم کۆشکی سپی بۆ یەکەمجار پێشوازی لە عەلی زەیدی سەرۆک وزیرانی عێراق کرد و دوای پێشوازی و تەوقەیەکی گەرموگوڕ، ترەمپ روو لە رۆژنامەنووسان وتی، “ئێمە عێراقمان خۆشدەوێ، ئەم پیاوە هەڵبژاردنێکی گەورەی بردەوە و زۆر باش نوێنەرایەتی عێراقییەکان دەکات”.

دوایی کە چوونە ژوورەوە ترەمپ و زەیدی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانیان دایەوە و ترەمپ وتی، “عێراق وڵاتێکی مەزنە، پەیوەندیمان لەگەڵ سەرۆک وزیران عەلی زەیدی زۆر باشە و دەمانەوێ چەندین گرێبەست لەگەڵ عێراق واژۆ بکەین”.

“من زۆر گرنگیم بەوە دەدا کە زەیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بباتەوە، چونکە رکابەرەکەی هەڵوێستی زۆر خراپی دژی ئەمریکا هەبوو”، ترەمپ وای وت.

سەبارەت بە هێرشەکانیان بۆ سەر ئێرانیش، ترەمپ وتی، پێشتر لە ناوچەکە ترس لە ئێران هەبوو، بەڵام ئێستا وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدەستی رزگاریان بووە”.

کە نۆرە هاتەسەر زەیدی،  وتی، “هاتووین بۆ واشنتۆن بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر داهاتووی پەیوەندییەکانمان بکەین، هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق دەچنە دەرەوە و لە جێگەی ئەوان، کۆمپانیا ئەمریکییەکان دێنە ناو وڵاتەکەمانەوە”.

باسی لەوەشکرد، بەهۆی شەڕی دژبە تیرۆرەوە، عێراق زیاتر لە 400 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە و پلانیشیان هەیە بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

سەبارەت بەچەک و گروپە چەکدارەکان، سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی، “بڕیارێکی یەکلاکەرەوەم هەیە بۆ ئەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت، دوای 30ی ئەیلول، هیچ پێویستییەک بۆ بوونی گروپە چەکدارەکان لە عێراقدا نامێنێت.”

دەربارەی کوردستانیش، عەلی زەیدی وتی، “کوردستان بەشێکی گرنگی عێراقە و جیاوازی لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراق ناکەین”.