سێنتکۆم: گەمارۆی دەریایی دەستیپێکردەوە
دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە شارەکانی باشووری ئێران بیسترا
شۆڕش قادری
دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە بەندەرعەباس و چەند شارێکی دیکە لە باشووری ئێران بیسترا و سێنتکۆمیش دەڵێ، شەپۆلێکی دیکەی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران ئەنجام داوە و گەمارۆیی دەریاییش دەستیپێکردووەتەوە.
کەمێک پێش ئێستا میدیای ئێران بڵاویکردەوە، لە شاری بەندەرعەباس دەنگی شەش تەقینەوەی یەک لەدوای یەک بیستراوە.
هاوکات جێگری پارێزگای خوزستان بۆ کاروباری ئەمنیی رایگەیاندووە، چەند شوێنێک لە شاری ئەهواز لەلایەن ئەمریکاوە کراونەتە ئامانج.
تا کاتی داڕشتنەوەی ئەم هەواڵە وردەکاری ئەو هێرشانە و زیانەکانیان بڵاونەکراوەتەوە.
سوپای پاسدارانیش ڤیدیۆی هەڵدانی چەند موشەکێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لە شەپۆلی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی نەسر 2 درۆن و موشەکی خەیبەرشکێن و زولفەقار بەکارهاتووە.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لە دوایین پۆستی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە کە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، هێزەکانیان شەپۆلێکی دیکەی هێرشیان بۆ لاوازکردنی توانای ئێران بۆ لێدان لە کەشتییە بازرگانییەکان بۆ سەر گەرووی هورمز ئەنجام داوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو هێرشانە لەکاتێکدایە کە گەمارۆی دەریایی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دەستیپێکردووە.