بزنی هۆڵەندی لە هەڵەبجە بەخێو دەکرێت

964+

محەمەد عومەر – هەڵەبجە

ڤیدیۆ

بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق کێڵگەی بەخێوکردنی بزنی هۆڵەندی لە هەڵەبجە دامەزرا، کارگەی ئاژەڵداریی راسان لە هەڵەبجە بزنی سانین ناسراو بە بزنی هۆڵەندی بەخێو دەکات، کە بەوە ناسراوە شیرێکی زۆری هەیە.

ئارام یەحیا، پزیشکی ڤێرتەرنەری لە کێڵگەی ئاژەڵداری ڕاسان بە 964+ی ڕاگەیاند، لەم کێڵگەیەدا 1000 سەر بزن و کاری هۆڵەندی هەن، ٣٥٠ بزنیان بزنی شیردەرن، بە گشتی بەرهەمی شیری ڕۆژانە لە کێڵگەکەدا هەزار لیترە.

وتیشی، “ئەم بزنانە زیاتر بۆ مەبەستی شیر بەکاریان دێنین، لە چاو بزنی کوردیدا بەرهەمی شیریان زیاترە، بەهای خۆراکی شیرەکەی زۆر بەرزە، هەروەها خۆراکی تایبەت بەخۆیان پێدەدرێت.

ئارام یەحیا روونی کردەوە، هەندێک لە بزنە نێرەکان لە بازاڕەکان دەفرۆشرێن، بۆ ئەوەی ئاژەڵدارەکانی ناوچەکە سوودیان لێ وەربگرن.

بریارە پاش کردنەوەی چەند کارگەیەکی شیرەمەنی لە هەڵەبجە، راستەوخۆ بەرهەمی ماست و دۆ و پەنیر بەرهەم بهێنرێت، کە بە شێوەیەک هیچ پێویست نەکات لە وڵاتانی دەرەوە بەرهەمی سپیایی بهێنرێتە بازاڕەکانەوە.