قۆناغی کۆتایی شەترەنجی عێراق لە سلێمانیە

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

قۆناغی کۆتایی پاڵەوانیەتی شەترەنجی عێراق لە شاری سلێمانی بەڕێوە دەچێت.

بەسەرپەرشتی فیدراسیۆنی شەترەنجی عێراق و بە هاوکاری لقی سلێمانی، لە هۆڵی ئوتێل داوا بە بەشداری 12 یاریزان بۆ ئاستی کوڕان، قۆناغی کۆتایی پاڵەوانیەتی عێراق دەستی پێکرد.

ئەسعەد ئیسماعیل ئەندامی فیدراسیۆنی عێراق بە 964ـی وت، دوای ئەنجامدانی قۆناغە جیاوازەکانی پاڵاوتن بە شێوەی گردبوونەوە و زۆن، لە شاری سلێمانی قۆناغی کۆتایی بەڕێوەدەچێت.

وتیشی، ئەوەی جێگەی شانازییە لە کۆی 12 شەترەنجزان پێنج یاریزان کوردن کە چواریان لە شاری سلێمانین.

پاڵەوانیەتییەکە کە بۆ ئاستی تاکە، لەسەر شێوازی خول بەڕێوەدەچێت و گشت یاریزانان رووبەڕووی یەک دەبنەوە و هەر یاریزانێک 11 یاری ئەنجام دەدات.

پاڵەوانیەتییەکەش تا 1.11.2023 بەردەوام دەبێت و خاوەن پلەکانی یەکەم تا پێنجەم دەگەنە ریزی هەڵبژاردەی عێراق و بەشداری پاڵەوانیەتییە دەرەکییەکان دەکەن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی