چی هۆکارەکەیەتی؟

نرخی ماسی دابەزیووە

دیلان محەمەد جەزا

ماوەیەکە نرخی ماسی دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە و هۆکارەکەشی بۆ پێگەیشتنی بەرهەمە لە حەوزەکاندا، سەرۆکی کۆمەڵەی گەشپێدانی ماسی دەڵێت، هەندێک خاوەن حەوز بەهۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشی ماسیەکانیان دەخەنە بازاڕەوە.

بۆ هەر کیلۆیەک ماسی لە بازاڕەکاندا نزیکەی دوو هەزار دیناری لێبووەتەوە.

سەڵاح مەجید سەرۆکی کۆمەڵەی گەشەپێدانی سامانی ماسی لە هەرێمی کوردستان بە 964ـی وت، هەموو ساڵێک لە 1/10ـەوە وەرزی پێگەیشتنی ماسیە و دەخرێتە بازاڕەوە، ئەوە کاریگەری لەسەر نرخی ماسی دەبێت لە بازاڕدا و نرخەکەی دادەبەزێنێت.

وتیشی، لە کاتی گۆڕانی وەرزدا لە گەرماوە بۆ سەرما نەخۆشی لە ناو ماسیدا بڵاو دەبێتەوە، لە هەریەکە لە وەرزی بەهار بۆ هاوین و لە وەرزی هاوین بۆ پایز، گۆڕان لە پلەی گەرمیدا گونجاو دەبێت بۆ بڵاو بونەوەی نەخۆشی.

هەریەکە لە نەخۆشی بەکتریایی و ڤایرۆسی و کەڕوەکان تیایاندا بڵاو دەبێتەوە، پێویستە بەرگری لەشی ماسیەکە بەرز بکرێتەوە و ئاوەی حەوزەکان پاکژ بکرێتەوە.

هەندێک لە خاوەنی حەوزەکان بەهۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشی لە ناو ماسیەکانیدا، نایەوێت مەسرەفی تیادا بکات، هەڵدەستێت دەیخاتە بازاڕەوە، ئەوەش وادەکات ماسی زۆر ببێت و نرخ داببەزێت، بەڵام نەخۆشی ماسی تەنیا کاریگەری لەسەر ماسیەکە هەیە و مەترسی لەسەر مرۆڤ دروست ناکات، سەڵاح مەجید وای وت.

پڕۆفیسۆر دکتۆر نەهلە محەمەد پسپۆڕی مایکرۆبایۆلۆجی بە 964ـی وت، چەندین جۆری نەخۆشی لە ماسیدا بڵاوبووەتەوە، یەکێک لەوانە کەڕوی گوێچکەکانیەتی لەگەڵ بوونی کرم لە ریخۆڵەیاندا، بەڵام لە کاتی خواردنی لەلایەن مرۆڤەوە هیچ کاریگەریەک لەسەر تەندروستیان دروست ناکات.

وتیشی، هەندێک لە نەخۆشیەکان بەهۆی ئەو ئاوەیە کە ماسیەکانی تیادا بەخێو دەکرێت، هەر بۆیە هەندێکیان لە رێگەی گۆڕینی ئاوەکەوە چارەسەر دەکرێن و هەندێکی دیکەیان بۆ ماوەی سێ رۆژ دەرمان دەکرێتە ئاوەکەوە بۆیان.

ماوەیەکە نرخی ماسی بۆ هەر کیلۆیەک دابەزیوە بۆ شەش هەزار دینار، لە پێشتردا هەر کیلۆیەک بە نزیکەی هەشت هەزار دینار بووە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی