ژمارەیەک دانیشتووی گوند لە کاتی کارکردن لە قوتابخانەکەدا - وێنە: پەروەردەی شارباژێڕ
لەسەر ئەرکی خۆیان بووە
دانیشتوانی گوندی سنکێ دەستکاری قوتابخانەکەیان کرد
پێشەوا محەمەد
دانیشتوانی گوندی سنکێ لە شارباژێڕ لەسەر ئەرکی خۆیان، قوتابخانەی گوندەکەیان نۆژەن کردەوە و فراوانیان کرد.
گوندەکە 10 مامۆستا و نزیکەی 30 قوتابی هەیە.
لەتیف حسێن، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارباژێڕ بە 964ـی وت، هەندێ ژووری بۆ فراوان کراوە و چەند سەقفێکی پێویست بووە بۆ قوتابخانەکە کراوە.
وتیشی، “بینای قوتابخانەکە هەندێ درزی بردووە و پێویستی بە چاککردنەوەیە و هەر ئەو کارانەی ماوە و هەوڵ دەدەین پێش بارانبارینی ئەم وەرزە ئەوەش چارەسەر بکەین”.
سنووری پەروەردەی شارباژێڕ 99 قوتابخانەی تێدایە و 20یان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە.
“هەموو چاکسازییەکانی قوتابخانەی سنکێ لە لایەن دانیشتوانی گوندەکەوە کرا و ئێمەش وەک پەروەردەی شارباژێڕ هاوکاریان بووین”، ئەوەش قسەی لەتیف حسێنە.
سنکێ گوندێکە کەوتووەتە سنووری ناحییەی چوارتاوە لە قەزای شارباژێڕی سەر بە پارێزگای سلێمانی.