حاکم رزگار: یاسایی نییە سەرۆکی حزبەکان لەجیاتی حکومەت بڕیار بدەن

964+

فەرهاد حەسەن – هەولێر

لە هەرێمی کوردستان هەندێکجار دەبیندرێت کە سەرۆکی حزبەکان لەجیاتی وەزارەت و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان بڕیاردەدەن و جێبەجێی دەکەن، لەوبارەیەوە، حاکمێکی ناوداری کوردستان پێیوایە، “لەم وڵاتەدا، حزب خۆی لە سەرو قانونەوە دەبینێت”.

حاكم رزگار محەمەد ئەمین، ئەندامی دادگای باڵای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان به‌ +964ی وت، “مادام لێره‌ حزبه‌كان حكومه‌ت پێكده‌هێنن، باشتره‌ ئه‌وان ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت كارێك بۆ خه‌ڵك بكرێت، خۆیان به ‌حكومه‌ت بڵێن ئه‌و كاره‌ بكه‌، نه‌ك راسته‌وخۆ له‌جیاتى حكومه‌ت بیكه‌ن”.

تەنیا لە ماوەی چەند مانگی رابردوو، چەندین نمونە بیندراوە کاتێک سەرۆکی حزبەکان فەرمانیان بە گۆڕانکارییەک کردووە.

لە سەرەتای ئابی ئەمساڵ، مەلەوانگەی هوتێل رووبار لە پارێزگای دهۆک بە کۆنکرێت پڕکرایەوە بە فەرمانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوایە بڕیارەکە لەوەوە هاتبوو، کە چەند کچێک بە جلی نیمچەڕووتەوە مەلەیان تێدا کردبوو.

کەمتر لە دوو مانگ لەمەوبەر، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بڕیاریدا بە نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان، بەڵام دواتر لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە نۆژەنکرایەوە.

چەند رۆژێک لەمەوبەریش، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بڕیاریدا بە داخستنی سەرجەم مەیخانە و باڕ و دیسکۆکانی ناوچەی سەرچنار لە سلێمانی، بە بیانوی ئەوەی “دوورن لە بەهاکانی کۆمەڵگە”.

لەبارەی ئەم دیاردانەوە، حاکم رزگار دەڵێت، ئه‌مڕۆ‌ هه‌موو ئیشه‌كان دراون به‌سه‌ریه‌كدا، حزب ئیشی حكومه‌ت ده‌كات و حكومه‌ت ئیشی په‌رله‌مان ده‌كات و په‌رله‌مان ئیشی حزب ده‌كات و تا دوایی.

نمونەی ئەوەی هێنایەوە، کە چه‌ندین جار له‌ لایه‌ن سه‌رۆكى حزبه‌وه‌ لیژنه‌ى جیا جیا دروستكراون بۆ چاكسازیکردن لە کەرتەکانی حکومەت، لەکاتێکدا ئەوە پەیوەندی بە حزبەوە نییە.

به ‌راى حاكم رزگار، ئەو دەستێوەردانانە یاسایی نین.

ئەو دەڵێت، “میلله‌ت په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێرێت، په‌رله‌مان حكومه‌ت و حكومه‌تیش ده‌زگاكانى خۆی بۆ به‌ڕێوه‌بردنى ژیانى خه‌ڵك به‌ڕێوه‌ده‌بات، هه‌ركاتێك كاره‌كان به‌ باشی به‌ڕێوه‌نه‌چوون، ئەوا ده‌بێت په‌رله‌مان له‌ حكومه‌ت بپێچێته‌وه‌، ئه‌وه‌ ریزبه‌ندیی راسته‌قینه‌یه‌ بۆ دۆخى هه‌ر وڵاتێك كه‌ پابه‌ندی قانوون بێت، به‌ڵام لێره‌ ئه‌وه‌ نییه‌”.