پەرلەمانی کوردستان 60 رۆژ پشوو دەدات

964+

هێمن بەکر – هەولێر

لە سەرەتای سەری ساڵی نوێوە پەرلەمانی کوردستان پشووی زستانە وەردەگرێت بۆ ماوەی 60 رۆژ،  تەنیا بۆ دانیشتنی تایبەت و بارودۆخی لەناکاو کۆدەبێتەوە.

بەگوێرەی مادەی حەوتەمی پەیڕەوی ناوخۆ، پەرلەمانی کوردستان لە ساڵێکدا دوو وەرزی گرێدانی هەیە.

یەکەم، لە سەرەتای ئادارەوە دەستپێدەکات تاوەکو کۆتایی حوزەیران و بە (خولی بەهارە) ناو دەبرێت. دووەم، لە سەرەتای مانگی ئەیلول دەستپێدەکات، تاوەکو کۆتایی مانگی کانونی یەکەم و بە (خولی پاییزە)ە ناودەبرێت.

لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا، چاوەڕێدەکرێت، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەریەک لە وەزیری پێشمەرگە، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ حکومەتی فێدراڵ و بریکاری وەزارەتی ناوخۆ بگۆڕێت، ئەو دوو وەزیرە پێویستە لە پەرلەمانەوە دەنگیان لەسەر بدرێت، هەر بۆیە چاوەڕێدەکرێت پەرلەمان بۆ ئەو مەبەستانە کۆببێتەوە لە ماوەی پشووەکانیدا.

چ کاتێک پەرلەمان پشوو وەرناگرێت؟

بەگوێرەی بڕگەکانی (2 و 3 و 4) لە مادەی حەوتی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، وەرگرتنی پشوو بەمشێوەیە دەبێت.

دووەم: لەنێوان دوو وەرزی یاساداناندا، پەرلەمانتاران و لیژنەکان، لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا بەردەوامدەبن.

سێیەم: ئەو وەرزەی گفتوگۆی پرۆژەی بودجەی هەرێمی کوردستانی تێدا دەکرێت، تاوەکو پەسەندکردنی بودجە بەردەوام دەبێت.

چوارەم: پەرلەمان دەتوانێت لەسەر داوای سەرۆک، یان سەرۆکی هەرێمی کوردستان، یان سەرۆکوەزیران، یان 25 پەرلەمانتار و بە دەنگی زۆرینەی رەها، ماوەی گرێدانی هەریەک لە دوو وەرزەکە بۆ ماوەیەک کە لە 30 رۆژ زیاتر نەبێ، درێژبکاتەوە.