ئاشەکەیان گۆڕیوە

ئاردی ئەم مانگەی دەربەندیخان دەرەجە یەکە

توانا نەقی

بەشەئاردی مانگانەی دەربەندیخان لە ئاشەکانی شارەزوو دەنێردرا، هەم بریکارەکان و هەم هاوڵاتیان لێی ناڕازی بوون بۆ نانکردن، لەم مانگەوە ئاشەکەیان گۆڕی بۆ تاسڵوجە و ئێستا دەڵێن دەرەجە یەکە.

بە قسەی خۆراکی دەربەندیخان، پێشتر هاوڵاتیان هەرچەند پاکیان دەکردەوە و دەیانبێژایەوە ئاردەکە هەر نەدەکرا بەنان و بەکەڵک نەدەهات.

ئەنوەر محەمەد بەڕێوەبەری خۆراکی دەربەندیخان بە 964ـی وت، دوای ئەوەی هاوڵاتیان گلەیی ئەوەیان کرد کە رەنگ و کوالێتی هاڕینی ئاردەکە باش نییە کەوتینە پرسیارکردن لە بریکارەکانی خۆاک ئەوانیش هەمان قسەیان هەبوو.

وتیشی، دواکارییەکایان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خۆراک کرد لە هەولێر و ئاوانیش ئاشی هاڕینی بەشە ئاردی دەربەندیخانیان لە شارەزوورەوە گۆڕی بۆ ئاشەکانی تاسڵوجە لە سلێمانی ئێستا ئاردەکە زۆرباشە و تەنانەت پێویستی بە بێژانەوەش نییە و یەکسەر دەتوانن بیکەن بە نان.

جگە لە ئاشە حکومییەکان تاوەکو ئێستا لە شار و شارۆچەکەکان ئاشی ناحکومی هەیە و هاوڵاتیان گەنمی لێ دەهاڕن و چەند بەرهەمێکی لێ دروستدەکەن لەوانە ئارد و ساوەر و گەنمە کوتاو و بڕوێش.

بەڕێوەبەرایەتی خۆراکی دەربەندیخان سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆراکی گەرمیانە، لە ناو سەنتەری قەزای دەربەندیخان 28 بریکاری ئارد دابەشکردنیان هەیە.