منداڵەکە حەوت ساڵانە

منداڵێکی خستووەتە سندوقی ئۆتۆمبێلەکەی و رفاندوویەتی

هاوبەش ئەبوبەکر

کەسێک لە کەرکوک منداڵێکی حەوت ساڵانی بەمەبەستی رفاندن خستووەتە سندوقی ئۆتۆمبێلەکەیەوە بۆی دەرچووە، بەڵام هێزەکانی پۆلیس پێیان زانیوە و دەستگیریان کردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 22.10.2023، پۆلیسی کەرکوک رایگەیاند، کەسێک کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری BMWـی لێخوڕیوە، منداڵێکی حەوت ساڵانی لەبەردەم ماڵی خۆیان خستوویەتیە ناو سندوقی ئۆتۆمبێلەکەیەوە و رفاندوویەتی.

هێزەکانی پۆلیسی کەرکوک توانیویانە رفێنەرەکە دەستگیر بکەن و منداڵەکەش بدۆزنەوە، دەستیشیانگرتووە بەسەر دەمانچەیەکدا کە بە تۆمەتبارەکە بووە.

تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و وتویەتی کە منداڵەکەی لەبەردەم ماڵی خۆیان، لە گەڕەکی عەسکەری رفاندووە.

پۆلیسی کەرکوک رایگەیاند، منداڵەکە لە بنکەی پۆلیس رادەستی کەسوکارەکەی کراوەتەوە.