١١ هەزار دەرچووی کشتوکاڵ بەدوای ئیش دەگەڕێن
964+
توانا نەقی – هەولێر
بۆ دامەزراندن و دۆزینەوەی هەلیکار لە پرۆژە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان، ١١ هەزار فۆڕم گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ و لە ساڵی ئایندەدا خولی راهێنانیان بۆ دەکرێتەوە.
هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم بە 964+ی راگەیاند، دوای ئەوەی فۆڕمیان بڵاوکردەوە بۆ دەرچووانی بەشەکانی كشتوکاڵ، بە مەبەستی دامەزراندیان وەکو سەرپەرشتیاری کێڵگە کشتوکاڵییەکان، لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر فۆڕم گەڕاوەتەوە لایان.
وتیشی، “ئێمە پێشبینی ئەوەمان دەکرد، کە پێنج هەزار فۆرم بگەڕێتەوە، بەڵام ١١ هەزار فۆڕم گەشتووەتەوە دەستمان”، لە رێگەی لیژنەی باڵاوە ئاراستەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان کراوە بۆ کارکردن لەسەر دامەزراندنیان.
وتەبێژەکە ئەوەشی روونکردووەتەوە، دەرچووانی کشتوکاڵ کە فۆڕمیان پڕکردووەتەوە، لە ساڵی نوێدا دەخرێنە خولێکی راهێنانەوە و ئامادە دەکرێن، دواتر بە چەند قۆناغێک پۆلێن دەکرێن و ئەو کەسانەی مەرجیان تێدایە دادەمەزرێن.
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم، لەژێر ناوی دامەزراندنی سەرپەرشتیاری پرۆژەی کشتوکاڵی، فۆڕمێکی بۆ دەرچووانی کۆڵێژی کشتوکاڵ بڵاوکردەوە، تا ئێستا ١١ هەزار دەرچوو فۆڕمیان بۆ دامەزراندن پڕکردووەتەوە و گەڕاوەتەوە وەزارەت.