به‌سڕه‌ و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئاماده‌كاریی بۆ جامی ده‌كه‌ن

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق گه‌یشته‌ به‌سڕه‌ بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی یاریگه‌ و دامه‌زراوه‌ وه‌رزشییه‌كان بۆ میوانداریكردنی جامی كه‌نداوی 25، بڕیاریشه‌ سبه‌ی یارییه‌كی دۆستانه‌ بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی یاریگه‌ی مینا بكرێت.

ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق گه‌یشته‌ شاری به‌سڕه‌ی باشووری عێراق و راسته‌وخۆ له‌ باڵه‌خانه‌ی پارێزگای شاره‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجام دا.


ئه‌نجومه‌نیی وه‌زیرانی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، سه‌ردانه‌كه‌ی سوودانی به‌ مه‌به‌ستی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی یاریگه‌ و دامه‌زراوه‌كانی شاری به‌سڕه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی راده‌ی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ میوانداریكردنی جامی كه‌نداو بزانێت.


له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا حه‌یان عه‌بدولغه‌نیی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و عه‌دنان درجال سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و ئه‌سعه‌د عیدانی پارێزگاری به‌سڕه‌ و چه‌ند وه‌زیرێك به‌شداربوون.


هاوكات له‌ چوارچێوه‌ی ئاماده‌كاریی شاری به‌سڕه‌ بۆ میوانداریكردنی جامی كه‌نداو، سبه‌ی یارییه‌كی دۆستانه‌ له‌ نێوان یانه‌ی مینای به‌سڕه‌ و كوێتی كوێتی له‌ یاریگه‌ی مینا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كه‌ یاریگه‌كه‌ به‌م دواییه‌ بۆ یارییه‌كانی جامی كه‌نداو دروست كراوه‌ و سبه‌ی یه‌كه‌م یاریی تێدا ده‌كرێت.


جامی كه‌نداوی 25 رۆژی شه‌شی كانوونی دووه‌می داهاتوو له‌ به‌سڕه‌ ده‌ستپێده‌كات و تا 19ی مانگ به‌رده‌وام ده‌بێت، كه‌ تێیدا هه‌شت هه‌ڵبژارده‌ی كه‌نداوی عه‌ره‌ب به‌شداریی ده‌كه‌ن.


عێراق یه‌كه‌مجار له‌ 1979 میوانداریی جامی كه‌نداوی كردووه‌ و دوای زیاتر له‌ 40 ساڵ، جارێكی دیكه‌ میوانداریی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ ده‌كاته‌وه‌.