هیوایەک بۆ ژیانەوەی هەیە

دارە 100 ساڵەکەی بارزان سووتا

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

لە بارزان دارێک هەیە تەمەنی سەروو سەد ساڵە، دوێنێ گڕی گرتووە و زۆر بە زەحمەت کوژایەوە، بەڵام تازە کار لە کار ترازاوە و دارەکە فەوتا.

دارە بەتەمەنەکە لە سنوری بارزانە، له‌ جۆرى داره‌به‌نه و ‌به‌رهه‌مى قه‌زوان ده‌گرێت، یه‌كێكه‌ له ‌به‌ناوبانگترین و به‌هێزترین ئه‌و دارانه‌ىە له ‌كوردستان ده‌ڕوێن و بە گشتی تەمەنیان زۆرە.

لە بارزان دەستەیەک پێشمەرگە هەن پێیان دەوترێت  ”بەتالیۆنی ژینگەپارێزی بارزان” ئەم دەستەیە ڤیدیۆی دارەکەیان تۆمارکردووە، کە لە بەشی ژێرەوەی قەدەکەی گڕی گرتووە و بڵێسە دەسەنێت، پێشمەرگەکان هەرچی لەگەڵ دەکەن ناکوژێتەوە.

مولازم سدیق حه‌سه‌ن، به‌رپرسی به‌شی رۆشنبیرى و راگه‌یاندنى بەتالیۆنی ژینگەپارێزی بارزان به‌ 964ـى وت ”هێشتا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە نەزانراوە و لێی دەکۆڵینەوە”.

ئه‌و شوێنه‌ى داره‌كه‌ى لێ ده‌سووتێت ناوى رۆستى سه‌كۆیه‌ له‌ سنوورى بارزان، بەهۆی تەمەنە زۆرەکەیەوە ناوەکەی کلۆر بووە و ئەوەش هۆکار بووە بۆ خێراتر سووتانی.

مولازم سدیق و هاوڕێکانی ئاگرەکەیان کوژاندووەتەوە، دەشزانن زەرەری زۆری پێ کەوتووە، بەڵام هێشتا بێ هیوا نین، دەڵێت ”زیاتر لە 85%ـى وشك بووه،‌ به‌ڵام تا سێ ساڵی تریش ده‌یهێڵنه‌وه‌ بەڵکو سه‌رله‌نوێ سه‌وزببێته‌وه”.