پەرلەمانتارێک: دوو هەزار ماڵی عەرەب هێنراوەتە کەرکوک
964+
توانا نەقی – هەولێر
پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێت، نزیکەی دوو هەزار ماڵ لە دەرەوەی کەرکوک، لە رێگەی پارێزگار و سەرۆکی شارەوانییەوە هاتوونەتە ناو پارێزگای کەرکوک بۆ” گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە”.
ئومێد محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە 964+ی وت، نزیکەی دوو هەزار ماڵ لە ناوچەکانی تکریت و موسڵ و ناوەڕاستی عێراق هێنراونەتە کەرکوک، لە سنوری گەڕەکی سەیادە و نزیک پردی لەیلان زەوییان پێدراوە و گەڕەکیان بۆ درووستکراوە.
وتیشی، لە هێنانی ئەو ماڵانەدا تەنیا راکان جبوری، پارێزگاری کەرکوک بەشدار نییە، بەڵکو سەرۆکی شارەوانی کەرکوکیش بەشدارە بە دابینکردنی زەوییەکان و فرۆشتنی بە حەوت ملیۆن دینار پێیان.
ئومێد محەمەد، ئاماژەی بەوەشکرد “سەرۆکی شارەوانی کەرکوک لەم مامەڵەیەدا پارەیەکی زۆری دەست کەوتووە، ئەگەر وا بڕوات شەڕی جوتیارەکانی سەرگەڕان و داقوق چوار ساڵی تر دێنە ناو کەرکوک”.
لەسەر ئەم بابەتە، 964+ چەندین جار پەیوەندی بە فەرەیدون عادل، سەرۆکی شارەوانی کەرکوک کرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.
لە پاش رووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017، هیچ کەسێکی کورد نەبووەتە پارێزگاری کەرکوک.