چارەنوسی چی بوو؟
964 ورچه‌كه‌ى بناری قەندیلى دۆزییه‌وه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ماوه‌یه‌كه 964 به‌دواداچوون بۆ دۆزینه‌وه‌ى ئه‌و ورچانه ده‌كات كه له ماوه‌ى رابردوودا له گونده‌كانى بنارى قەندیل بیندراون، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ پێی گه‌یشتووه، یه‌كێك له‌و ورچانه‌یه و له ژیاندا نه‌ماوه.
پێشتر له رازى چه‌ند كه‌سێكی خه‌ڵكى گونده‌كانى بنارى قه‌ندیل 964 زانیبووى كه ره‌وه ورچێك له‌و سنووره هه‌یه به‌تایبه‌تیش له گونده‌كانى زه‌نگه‌ڵین و قڕناقا و پشتئاشان و چه‌ند گوندێكی تر.
هاوسه‌رۆكى شاره‌وانى بنارى قه‌ندیل ده‌ڵێت، پێده‌چێت ئه‌م ورچه یه‌كێك بێت له‌و ره‌وه‌یه كه له سنووره‌كه‌دا بونیان هه‌یه.
ورچه‌كه‌ى ئێستا له‌و ڤیدیۆيه داندراوه، بەگوێرەی وتەی شارەوانی بناری قەندیل ده‌رمانخوارد كراوه و له‌سه‌ر رێگایه‌كى گوندى قڕناقاو كه‌وتووه گیانى له‌ده‌ستداوه .
دڵشێر ئیبراهیم، هاوسه‌رۆكى شاره‌وانى بنارى قه‌ندیل، به 964ـى وت، ورچه‌كه ئه‌و ده‌رمانه ژه‌هراوه‌یه‌ى خواردووه كه جوتیار و هه‌نگه‌وانانى سنوورى بنارى قه‌ندیل بۆ به‌رازه‌كانى داده‌نێن، كه زیانى زۆریان به به‌روبومه‌كانیان گه‌یاندووه.
هاوسه‌رۆكى شاره‌وانى بنارى قه‌ندیل وتیشی “وه‌ك له ڤیدیۆكه ده‌رده‌كه‌وێت ورچه‌كه به چه‌ك نه‌كوژراوه”.
باسی له‌وه‌شكرد، شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ره‌وه ورچێك له گوندى زه‌گه‌ڵین كه كه‌وتووه‌ته سه‌ر سنوورى ئێران، بیندراون، بەوتەی دڵشێر ئیبراهیم “ئەو ورچەی دۆزراوەتەوە گوێچكه‌ى بڕاوه و نیشانه كراوه”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، له سنووره‌كه‌یان به‌رازیش بیندراوه زه‌نگوڵى مه‌ڕ و بزنى به گه‌ردنه‌وه بووه و ده‌ڵێت “پێده‌چێت ئه‌و به‌رازه ماڵیی بووبێت یان له‌یه‌كێك له باخچه‌كانى ئاژه‌ڵان بووبێت”.
له چه‌ند مانگى رابردوودا چه‌ندین جار له سنوورى گونده‌كانى بنارى قه‌ندیل ورچ و به‌راز به‌جیا كشتو‌كاڵى جوتیاران و مێشهه‌نگی هه‌نگه‌وانیان تێكداوه و زیانێكى زۆریان پێگه‌یاندوون.
شارەوانی بناری قەندیل لە پارتی کرێکارانەوە نزیکە و سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە.