دیمهنێكى ئه‌مساڵى خه‌رمانى به‌روبومى عه‌لی بابا له شاره‌زوور .. گرافیك: 964+
پێشتر ده‌نێردرایه شاره‌كانى عێراق
13 ساڵه “عه‌لی بابا” كه‌ى دەشتی شارەزوور بێنازه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له گوندێكی ده‌شتى شاره‌زوور ده‌ست كرا به كۆكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مى “عه‌لى بابا”، جوتیارێكیش ده‌ڵێت، 13 ساڵه كێشه‌یان بۆ ساغكردنه‌وه‌ى ئه‌م به‌رهه‌مه هه‌یه.
عه‌لی بابا، رووەکێکە لە جۆری پاقلەمەنیەکان، به خاوى ده‌خورێت و وەکو بابەتێکی چەرەزات ناسراوە، به‌پێی سه‌رچاوه ته‌ندروستییه‌كان، ماده‌كانى وه‌ك ئاسن، کالسیۆم، پڕۆتین، ریشاڵ و ترشی ئەمینی تێدایه بۆ ته‌ندروستى مرۆڤ به‌سووده.
ده‌شتى شاره‌زوور تایبه‌تمه‌ندى چاندنى ئه‌م رووه‌كه‌ى هه‌یه، به‌پێی قسه‌ى كه‌یوان ره‌فیق كه جوتیارێكى ئه‌م به‌روبوومه‌یه، له ساڵانى 1990 تاوه‌كو 2010 ساڵانه زیاتر له 50 دۆنم زه‌وى به‌م رووه‌كه ده‌چێنرا.
كه‌یوان، كه خه‌ڵكی گوندی تەپەتۆڵکەى دەشتی شارەزووره، به 964ـى وت، له‌دواى ساڵى 2010-وه، كه‌متر ئه‌و به‌روبوومه ده‌چێندرێت و هۆكاره‌كه‌شی بۆ گرنگی نه‌دان پێیه‌وه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
وتیشی “ساڵانى پێشتر به‌رهه‌مه‌كانمان بۆ شاره‌كانى ناوه‌ڕاست و خوارووى عێراق دەنارد، به‌ڵام ئێستا هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌چێنین كه بایی خۆمان بێت و كه‌مێكیشی لێ ده‌فرۆشین”.
ساڵانه، له سه‌ره‌تاى مانگى نیسان ده‌ست ده‌كرێت به چاندنى ئه‌م رووه‌كه‌و سه‌ره‌تاى مانگى تشرینی یه‌كه‌میش ده‌ست به چنینه‌وه‌ى ده‌كرێت، دواى خۆگرتنى له زه‌ویدا هه‌فتانه یان 10 رۆژ جارێك پێویستى به ئاودان هه‌یه، له شوێنه سارد و كوێستانییه‌كان باش گه‌شه ناكات، ئەمەش بەگوێرەی وتەی کەیوان.
کەیوان، باس له‌وه ده‌كات، ئه‌گه‌ر شوێنێك هه‌بێت ساڵانه لێمان وه‌ربگرێت یان حكومه‌ت بۆ كارى پیشه‌سازى به‌كارى بهێنێت، ئه‌وا ده‌توانن زۆرترین رووبه‌رى زه‌وى بچێنن و به‌رهه‌مێكى زۆر و باشیشیان هه‌بێت.
به‌قسه‌ى ئه‌م جوتیاره، ئه‌مساڵ نرخى یه‌ك كیلۆ عه‌لى بابا تاوه‌كو دوو هه‌زار دینار ده‌كات، له‌كاتێكدا ساڵى پار نرخه‌كه‌ى هه‌زار و 250 دینار بووه.