سلێمانی خۆی بۆ پێشوازیکردن لە ٥٠ هەزار گەشتیار ئامادە کردووە
+964
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
پارێزگای سلێمانی لە ئامادەکاریدایە بۆ سەری ساڵی نوێ و پێشوازی لە ٥٠ هەزار گەشتیار بکات. گەشتوگوزاری سلێمانیش دەڵێت، پێشبینیی دەکەن ئەمساڵ گەشتیاریان زۆرتر بێت.
بە پێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی، کە بە +964 دراوە، سەری ساڵی رابردوو ٣١ هەزار و ٦١٤ گەشتیار روویان لە پارێزگای سلێمانی کردووە.
زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاشکرای دەکات، لە یانزە مانگی رابردوودا نزیکەی دوو ملیۆن گەشتیار روویان لە پارێزگای سلێمانی کردووە.
ئارام شوانی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی بە +964ـی راگەیاند: ئەمساڵ ئاهەنگی زۆر گەورە و تایبەت بە سەری ساڵ بەڕێوە ناچێت، تەنیا ئەو ئاهەنگانە نەبێت کە شوێنەکانی کەرتی تایبەت ئەنجامیان دەدەن.
+964 دەزانێت، لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا زیاتر لە ٦٠٠ شوێن و جێگەی شوێنەواری و ئایینی و گەشتیاری بوونیان هەیە.
ئارام شوانی دەشڵێت؛ پێشبینی دەکەین ئەمساڵ ژمارەی گەشتیار لە سەری ساڵی رابردوو زیاتر بێت، “خۆمان بۆ پێشوازی لە ٥٠ هەزار گەشتیار ئامادە کردووە.”
لە هەرێمی کوردستان لە رۆژی ٢٥ـی کانوونی یەکەم تا ١ـی کانوونی دووەم پشووە. ساڵی رابردوو و لەو ماوەیەدا ١٤٦ هەزار و ٨٩٨ گەشتیار روویان لە هەرێمی کوردستان کردبوو، کە زۆرینەیان هاووڵاتیی عەرەب بوون.