کەرەستەکان چی بوون؟
سێ کەس لەسەر مامەڵەکردن بە کەرەستەی ساختەی مێژوویی دەستگیرکران
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
لە ناحیەی تەکیەی کاکەمەند، سێ کەس بەتۆمەتی مامەڵەکردن بە کەرەستەی ساختەی مێژوویی دەستگیرکراون.
ئەمڕۆ سێشەممە 10.10.2023، عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، ئەو سێ کەسە سێ کتێب و دوو پارچەی شوێنەواری دیکەی ساختەیان پێبووە.
“پارچە شوێنەوارەکان کە بەو تۆمەتبارانە گیران پێکهاتبوون لە سێ بەشی کتێبێکی مێژوویی، کە بەنوسینی عیبری بەهەڵە نوسرابوون، لەگەڵ دوو پارچەی دیکە کە سەرجەمیان ساختە بوون و لەشێوەی ئاساردا دروستکرابوون”، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم وای وت.
ئەو سێ کەسە لە رێکەوتی 18.9.2023 دەستگیر کراون و هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان هاوکاری ئاسایشی سلێمانیان کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان هۆکاری مانەوەی ئەو سێ کەسە لای ئاسایش بۆ ماوەی نزیکەی مانگێک، بۆ رێکارەکانی لێکۆڵینەوە دەگەڕێتەوە.
تۆمەتباران بەپێی مادەی 24ـی شوێنەوار راگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، دەزگای ئاسایشی هەرێم وا دەڵێت.