بەهۆی بایکۆتەوە 10 مامۆستای وانەبێژ لە کارەکانیان دوورخرانەوە

964+
زەید کۆچەر – دهۆک

بە پێی زانیارییەکانی 964، لە قەزای بەردەڕەشی سنووری دهۆک، 10 مامۆستای وانەبێژ بە هۆکاری بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندن لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە.

بە قسەی ئەو مامۆستا دوورخراوانە، پەروەردەی بەردەڕەش بڕیارەکەی داوە.

964 دەزانێت، بەشێک لە مامۆستایانی 22 قوتابخانەی سنوری بەردەڕەش بایکۆتیان راگەیاندبوو، بەڵام لەم رۆژانە زۆربەیان گەڕاونەتەوە و دەوام دەکەن.

نوورەدین تاریق یەکێکە لەو مامۆستایانەی دوورخراوەتەوە، بە 964ـی وت، “لەکۆی ژمارەیەکی زۆری مامۆستایانی وانەبێژ کە بایکۆتمان راگەیاندبوو، تەنیا 10 مامۆستامان لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە کە یەکێکیان منم”.

وتیشی، “ئێمە ئەمەمان قبوڵ نییە، دەبێت لە وەزارەتەوە نووسراوی فەرمیمان بۆ بێت”.

ئەو مامۆستایە دەشڵێت، ئەمڕۆ دووشەممە کە چوون بۆ قوتابخانە تەماشایان کردووە، وانەبێژی دیکە لە جیاتی ئەمان دانراون و کار دەکەن.

لەسەر ئەم بابەتە، 964 پەیوەندی بە مەهدی خەلیل بەڕێوەبەری پەروەردەی بەردەڕەش کرد، بەڵام بەردەست نەبوو. راگەیاندنی پەروەردەکەش پێی وتین، بە زوویی روونکردنەوە دەدەن.

لە سنووری قەزای بەردەڕەش 184 قوتابخانە هەن و 2000 مامۆستای وانەبێژیش هەن.

تا ئێستا لە زۆربەی قوتابخانە حکومییەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەوامی قوتابخانەکان دەستیپێنەکردووەتەوە و بایکۆتیان کردووە.

مامۆستا وانەبێژەکان داوای دامەزراندن و مامۆستا دامەزراوەکانیش داوای موچەی زیاتر دەکەن.

لە هەرێمی کوردستان بە گشتی سەروو 35 هەزار مامۆستای وانەبێژ هەن.

بایکۆتی وانەبێژان لە بەردەڕەش دەستیپێکرد

بایکۆتی وانەبێژان لە بەردەڕەش دەستیپێکرد