کاسبکاران
لە کەرکوک خۆپیشاندانە و تایە سووتاندنى تێکەوت
964+
کاروان ساڵحى – کەرکوک
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، گرژی و ئاڵۆزی لە شەقامی عەرەفەی شاری کەرکوک دروستبوو؛ کاسبکاران و دەستگێڕانی ناوچەکە بە سووتاندنی تایە شەقامەکەیان داخست و دژی رێگرییەکانی لیژنەی شارەوانی گردبوونەوە.
دوای دوو هەفتە لە هەڵمەتێکی فراوانی لیژنەی ڕێکخستنی ناوشار بۆ لادانی کەپر و عەرەبانەکان، جارێکی دیکە دۆخەکە گرژی تێکەوت. لایەنە پەیوەندیدارەکان پێشتر بە بیانووی “زێدەڕۆیی و دروستکردنی قەرەباڵغی” سەرجەم کەپرەکانیان لەسەر شەقامى عەرەفە تێکدابوو تێکدابوو.
فەلاح یایچی، قائیمقامی کەرکوک تایبەت بە 964ی راگەیاند: “ئەو کاسبکارانە زێدەڕۆن و بەهۆی ئەوانەوە بەشێک لە شەقامەکە گیراوە، ئەمەش بووەتە هۆی رووداوی هاتووچۆ و تێکدانی سیمای شارەکە، جیا لەوەی پاشەڕۆکانیان فڕێدەدەنە پارچە زەوییەکی چۆڵی پشتی خۆیان.”
قائیمقام جەختی لەوەش کردەوە کە دوو هەفتە پێش ئێستا ناوچەکە بە شۆفڵ پاککراوەتەوە، بەڵام لە دوێنێوە هەوڵی دروستکردنەوەی کەپر دەدەن و وتی: “مەحاڵە جارێکی دیکە رێگەیان پێبدرێت.”
لە بەرامبەردا، حەسەن فەرەیدون کە کاسبکارێکى شەقامەکەیە، بە 964ـى وت،”چەند ساڵێک لەمەوبەر خودی قائیمقام پێی وتین بگەڕێنەوە سەر شۆستەی شەقامە خزمەتگوزارییەکە و کێشەمان نییە، بەڵام دوو هەفتە پێش ئێستا هاتن و هەموو کەپرەکانیان رووخاند و میوە و سەوزەکانمانیان فڕێدا.”
ئەو کاسبکارە ئاماژە بەوەش دەکات کە پێیان وتراوە “بە شێوازێکی جوانتر کەپر دروست بکەن”، بەڵام کاتێک دەستیان بە کارکردن کردووەتەوە، جارێکی دیکە رێگرییان لێکراوە، دەشڵێت: “ئەمجارە مەحاڵە بە قسەیان بکەین.”
پێداچوونەوە: وریا فەتاح