ئەو ژنەی بەھۆی گڕگرتنی غازەوە لە تاسڵوجە سووتا، گیانی لەدەست دا

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

ئەو ژنەی بەھۆی گڕگرتنی بوتڵی غازەوە لە گەڕەکی تاسڵوجەی سلێمانی سووتا، ئەمڕۆ دوای زیاتر لە دوو ھەفتە مانەوە لە نەخۆشخانە بەھۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

رۆژی ٦ی ئەم مانگە، نەسرین عومەر بەھۆی گڕگرتنی بوتڵی غازەوە سەدا ٤٦٪ی جەستەی سووتا و هاوسەرەکەشی بریندار بوو.

سامان شێخ لەتیف وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بە 964+ی راگەیاند، نەسرین عومەر دوای ١٦ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، ئەمڕۆ گیانی لەدەست دا.

لەدوای رووداوەکە، تەندروستی سلێمانی ئەو کاتە وتی، رێژەی سووتانی نەسرین عومەر و هاوسەرەکەی کەمە و دۆخی تەندروستییان جێگیرە و پیاوەکە ١٢٪ی جەستەی سووتاوە.

ئەو رووداوە لە کاتێکدایە، لە ١٨ـی مانگی رابردوودا بەهۆی تەقینی تانکیدەکی غاز لەسەربانی ماڵێک لە سلێمانی ١٣ کەس گیانیان لەدەستداو، ١٥ بریندار بوون.

هاوکات دوای چەند رۆژێک لە دهۆک تانکی غازی سەر باڵەخانەیەکی بەشە ناوخۆیی کوڕان تەقی، بەهۆیەوە حەوت کەس گیانیان لەدەستداو، ٣٦ کەسی دیکەش بریندار بوون.