دوای کارەساتەکەی حەمدانیە
لە سلێمانی بەدواداچوون بۆ هۆڵەکانی ئاهەنگ و پرسە تەواو کراوە
964+
پێشەوا محەمەد
بەدواداچوونەکانی بەرگری شارستانی بۆ هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان و پرسەدانان لە سلێمانی تەواوکراون و ئێستا لیژنەکە سەرقاڵی نووسینی راپۆرتی کۆتاییە.
شەوی 26.9.2023 هۆڵێکی حەمدانییە لە کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگێکی هاوسەرگیری گڕی گرت و بەهۆیەوە 124 کەس گیانیانلەدەستدا و بەو هۆیەشەوە ماوەی سێ رۆژ لە عێراق و هەرێم ماتەمینیی گشتی راگەیەندرا.
ئەو رووداوە بووە هۆی ئەوەی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بەوانەی هەرێمی کوردستانیشەوە بەدواداچوون بۆ هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان بکرێن.
ئارام عەلی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سلێمانی بە 964ـی وت، “ئێمە پێشتر ئەو رێنماییانەمان هەبووە و هەر هۆڵێک هەر پارچەیەکی بەکارهێنابێت بۆ گڕگرتن خراپ بووبێت پێمان لابردووە ئینجا مۆڵەتی دراوەتێ”.
وتیشی، “بەڵام سەرباری ئەوەش لیژنەمان پێکهێنا و ئێستا کاری لیژنەکە تەواو بووە و سەرقاڵی نووسینی راپۆرتی کۆتایین تا بزاندرێت دەرئەنجامی بەدواداچوونەکە چی بووە”.
لە هەریەکە لە پارێزگاکانی دیکەی کوردستانیش ئەو بەدواداچوونە دەکرێت و چەند هۆڵێک لە هەولێر و دهۆک بەهۆی پابەند نەبوونیان بە رێنماییە سەلامەتییەکانەوە داخراون.