سەردەمی تارماییەکی دیكه‌ بۆ ژنانی ئەفغانستان

+964
فەهمی نەبی -هەولێر

لەوەتەی بزوتنەوەی تاڵیبان لە 15ی ئابی 2015، دەستی گرتووە بەسەر تەواوی خاکی ئەفغانستان، سنوردارکردنی خوێندنی کچان و دواتریش قەدەغەکردنی خوێندنی کچان لە قۆناغەکانی زانکۆ یەکێک بووە لەو مژارانەی زۆرترین کاردانەوەی لەو وڵاتەدا هەبووە.

حکومەتی تاڵیبان بە واژوی شێخ مەولەوی نەدا محەمەد، لە نوێترین بڕیاریدا، داوا لە زانکۆ ئەهلی و حکومییەکانی وڵاتەکەی دەکات خوێندنی کچان رابگرن “تا ئاگادار دەکرێنەوە”، لە هەمان کاتدا داواش دەکەن ئەو داوایە بەپەلە جێبەجێ بکەن، نەدا محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵایە بە وەکالەت، لە حکومەتی تاڵیبان.

تا ئێستا بڕیاری خوێندن بۆ کچان لە ئەفغانستان، تەنیا کچانی ئاستی بنەڕەتی دەگرێتەوە، واتا لە پۆلی یەکی سەرەتایی تا شەش دەتوانن بخوێنن.

یەکێک لەو پرسانەی ناکۆکییەکی گەورەی لە نێو کاربادەستانی حکومەتی تاڵیبان دروست کردووە، خوێندنی کچانە، ئەم بڕیارە کاربەدەستانی تاڵیبانی دابەش کردووە بۆ سەر دوو بەرە، بەشێک لەو کاربەدەستانە کاریگەرن بە بۆچوونەکانی هەیبەتوڵا ئاخوند زادە، سەرۆکی ئەنجومەنی حوکم لە ئەفغانستان، ئاخوندزادە دەسەڵاتی بێ کۆتایی لە ئەفغانستانی نوێدا هەیە.

بەشێکی دیكه‌ لە بۆچوونەکان لە لایەن پیاوانی ئاینی کاربەدەستی ناو دەوڵەتی ئەفغانستان ئاراستە دەکرێت، ئەوان پێیان وایە هیچ بەڵگەیەکی شەرعی پاڵپشت بۆ وەها بریارێک نییە، پیاوانی ئایینی لە کابول، دەڵێن، “ئیسلام هەڵگری مافی ئافرەتانە و مافی پەروەردە و دامەزراندنیش دەگرێتەوە”.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات، هەمووی چەند مانگێکە هەزاران کچ تاقیکردنەوەی وەرگرتنیان لە زانکۆکان ئەنجامداوە، ئەو کاتەش کچان لە وەرگرتنیان لە چەند بەشێک بێبەش کرابوون، لەوانە بەشەکانی کشتوکاڵ، ڤێرتەرنەری، ئەندازیاری شارستانی – بیناسازی، کانەکان و زانستی کۆمپیوتەر.

لە 15 ی ئابی 2021 بە شێوەیەکی خێرا و کتوپڕ، لە ماوەی چەند رۆژێکدا، چەکدارانی تاڵیبان دەستیان بەسەر زۆربەی شارەکانی ئەفغانستاندا گرت.

لەگەڵ دەستپێکی هاتنەسەر دەسەڵاتی تاڵیبان، بڕیاری ئەوە درابوو، کچان و کوڕان ناتوانن لە یەک پۆل بخوێنن، دواتر لە مانگی تشرینی دوەمی 2022، وەزارەتی (ئەمر بە چاکە و نەهی لە خراپە)ی حکومەتی تاڵیبان، بڕیاری چوونە پارکەکانی لە کچ و ژنان قەدەغە کرد.

بڕیاری چوونە پارکەکانی لە کچ و ژنان قەدەغە کرد

بە پێی فەرمانە نوێیەکانی حکومەتی تاڵیبان کچان و ژنان بۆ کاری زۆر پێویست نەبێ ناتوانن لە ماڵ بێنە دەرەوە، دەبێ پابەندی باڵاپۆشی تەواوی بن، بە جۆرێک رووخسار و دەستیان داپۆشرابێت، لە ئەگەری رەتککردنەوەی، دەبێ پیاوێکی ئەندامی ئەو خێزانە بۆ ماوەی سێ رۆژ بچێتە زیندان.

ئەگەرچی هیچ بڕیارێک نەدراوە بۆ قەدەغەکردنی شۆفێری ژنان، بەڵام ئاگاداری نوسینگەکانی فێرکردنی شۆفێری ژنان کراوەتەوە، خۆیان بە دووربگرن لە فێرکردنی ژنان بۆ شۆفێری.

ئەمساڵ رۆژێک بەر لە کردنەوەی دەرگه‌ی خوێندنگەکانی ئەو وڵاتە، وەزارەتی پەروەردەی ئەفغانستان رایگەیاند، کردنەوەی خوێندگه‌کانی کچان سنووردارە و تەنیا کچانی سەرەتایی دەتوانن بخوێنن، ئەم بڕیارە وای کردووە نزیکەی یەک ملیۆن کچ لە قۆناغەکانی ناوەندی لە مافی خوێندن بێبەش بن.

سەرکردایەتی ناوەندی تاڵیبان، لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵات، رایگەیاندبوو، دەبێ خوێندکارانی کوڕ و کچ لە پۆلی جیاوازدا بخوێنن، دواتر لە هەندێ شار بڕیاردرا کوڕان و کچان لە کاتی جیاواز بچنە خوێندنگە، لەو بەشانەی زانکۆ کە حاڵەتی تایبەت بوون کوڕان و کچان لە پۆلێک بوون، بەڵام پەردەیەک لە نێوانیاندا بوو.

دەبێ خوێندکارانی کوڕ و کچ لە پۆلی جیاوازدا بخوێنن

دوای ئەو بڕیارانە 27 وڵات یاداشتێکی ناڕەزاییان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بەرزکردەوە، لە پێناو کەمکردنەوەی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە ئەفغانستان.

وه‌ك کاردانەوەیه‌ك بەرامبەر بڕیاری قەدەغەکردنی کچان بۆ خوێندنی زانکۆیی، هیومان رایتس وۆچ، ئەم بڕیارەی حکومەتی تاڵیبانی بە شەرمەزارکەر لە قەڵەم دا.

هه‌روه‌ها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە هەژماری خۆیان لە توویتەر، بڕیارەکەیان ئیدانە کرد، ئەوەشیان نووسیوە، “مافی خوێندنی کچان مافێکی بنەڕەتییە”.

هۆگۆ شۆرتێر، بەرپرسی کاروباری کونسوڵخانەی بەریتانیا لە ئەفغانستان، دەڵێت: “بەریتانیا بە توندی ئیدانەی بڕیارەکە دەکات”.

بەریتانیا بە توندی ئیدانەی بڕیارەکە دەکات

له‌ لای خۆیه‌وه‌ ریچارد بێنێت، راپۆرتدەری نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری ئەفغانستان بە توندی ئەو بڕیارەی رەتكرده‌وه‌.

بزوتنەوەی تاڵیبان بزوتنەوەیەکی پەڕگیری سوننەیە، لە ساڵی 1994 دامەزراوە، قورئان و فەرموودە دەکەنە بنه‌مای حوکمداریان، لە ساڵی 1996 توانیان دەستبگرن بەسەر بەشی زۆری خاکی ئەفغانستان، ئەوكات تەنیا سعودییە، ئیمارات و پاکستان، دانیان بە حکومەتی تاڵیباندا نابوو، بەڵام لە 2001 هاوپەیمانی ناتۆ ئەو دەسەڵاتەی دوورخستەوە.