دۆلاری ئەمریکی
عێراق داوای ملیارێکی کردووە
ئەمریکا رەتیدەکاتەوە دۆلار بە عێراق بدات
964+
ژووری هەواڵ
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەوانی، لەم ماوەیەدا، حکومەتی عێراقی داوای یەک ملیار دۆلار کاشی لە ئەمریکا کردووە، بەڵام ئەو وڵاتە رەتیکردووەتەوە پێی بدات.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەوانی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، تیمەکەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە ماوەیەک لەمەوبەر لە ئەمریکا بوو، داوای ملیارێک دۆلاری کاشیان لە کۆشکی سپی کردووە، بەڵام ئەوان رەتیان کردووەتەوە پێیان بدەن تاوەکو دڵنیا نەبن لە نەگواستنەوەی بەشێکی بۆ ئێران.
ساڵانە بانکی فێدراڵی ئەمریکا 10 ملیار دۆلاری کاش دەدات بە عێراق بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی، بەڵام ئەو وڵاتە نیگەرانە لەوەی بە چەندین رێگای جیاواز دۆلار هەناردەی ئێران دەکرێت و بۆ ئەوەش رێکاری تووندی گرتووەتەبەر.
نازانرێت ئەمریکا تاوەکو کەی عێراق بێبەش دەکات لە دۆلاری کاش، بەڵام ئەگەر بەگوێرەی راپۆرتەکە بەغدا پێویستی زۆری بە دۆلار هەیە و ئەگەر بێت پێی نەدرێت ئەوا نرخی دینار زیاتر دادەبەزێت.
هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەمریکا دۆلاری کاش نادات بە عێراق چونکە دڵنیا نییە لەوەی نەگەیەندرێتە ئێران و پێیوایە، هێشتا هەموو رێکارەکان دژ بە هەناردەکردنی دۆلار بۆ تاران نەگیراونەتەبەر.
ئەو رێکارانەی ئەمریکا عێراقی ناچارکردووە بیگرێتەبەر خۆی دەبینێتەوە لە قەدەغەکردنی حەواڵە بە دۆلار، قەدەغەکردنی راکێشانی دۆلار لە ئامێرەکانی ATM، دیاریکردنی بڕێکی دیاریکراوی دۆلار بۆ کەسێک کە گەشتی دەرەوەی وڵات دەکات و هەروەها بارزگانانی عێراقی کاتێک داوای دۆلار لە بانکی ناوەندیی دەکەن پێویستە بیسەلمێنن شتومەکەکانیان راستەقینە و بێ غەل و غەشن، لەگەڵ چەندین رێکاری دیکە.