کاتی لێدانی بیرەکەی نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی - وێنە: بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ژێرزەویی سلێمانی
بیرێکیان بۆ لێدرا
نەخۆشخانەی هیوا لە بێئاوی رزگار کرا
پێشەوا محەمەد
بە لێدانی بیرێکی ئاو بە قووڵیی 421 مەتر نەخۆشخانەی هیوا لە بێئاوی رزگار کرا.
نەخۆشخانەکە خۆی دوو هێڵی ئاو و بیرێکیشی هەیە، بەڵام بیرەکە کەڵکی نەماوە و بەکارناهێندرێت، بۆیە ئەو بیرەیان بۆ لێدراوە.
964 لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ژێرزەویی سلێمانییەوە دەزانێت، ستانداردی مۆڵەتی بیر لە سلێمانی تا 300 مەترە، بەڵام لە 300 مەتردا بیرەکەی نەۆخشخانەی هیوا نەگەیشتووەتە ئاو و لەبەر گرنگیی نەخۆشخانەکەش 121 مەتریان بۆ زیاد کردووە.
عەباس عەلی، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی سلێمانی بە 964ـی وت، “ئەو سنوورە تەبەقەی تانجەرۆی پێدەڵێین و ئاوی کەمە، بۆیە بیرەکە بە ئاسانی نەگەیشتە ئاو”.
وتیشی، “ئێستا بیرەکە ئاوی پێویست دەدات و دەتوانێت پێنج کاتژمێر ئاو بدات و 12 کاتژمێر بکوژێندرێتەوە، لانیکەم لە ئێستادا کێشەی بێئاویی نەخۆشخانەکە چارەسەر کراوە”.
بودجەی بیرەکە 33 ملیۆن دینار بووە و تەواوی ستاف و ئامێرەکەی هی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ژێرزەویی سلێمانی بوون.