ئاسۆ رۆستەم یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق- وێنە+964
سەبارەت بە یەعقوب یونس بڕیاری کۆتاییداوە
هەولێر داوای ئاسۆ رۆستەم دەکات
964+
هێژا خەسرەو – هەولێر
لە پێشهاتێکی نوێدا یانەی هەولێر گفتوگۆکانی لەگەڵ ئاسۆ رۆستەم دەستپێکردووە و گرێبەستی یەعقوب یونسیش هەڵوەشێنراوەتەوە، ئەو یاریزانە ریزەکانی یانەی هەولێر جێدەهێڵێت.
ئیبراهیم قادر، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە 964ـی راگەیاند، “سەبارەت بە گواستنەوەی ئاسۆ رۆستەم سەرەتا هیچ دەنگۆیەک نەبوو، بەڵام ئێستا رەوشەکە گۆڕاوە و لە گفتوگۆداین بۆ گواستنەوەی ئەو هێرشبەرە کوردە، بەڵام بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم گرێبەستە کەمێک پێویستمان بە کاتە”.
بەرپرسی راگەیاندنی یانەی هەولێر دەڵێت، ئەوەی تایبەتە بە یەعقوب یونسی پیشەگەری سووری ئەوەیە کە ئەو یاریزانە پێکانی هەیە، پێکانەکە کۆنە و تاوەکو ئێستا بە تەواوی چاکنەبووەتەوە، راهێنەر قسەی لەگەڵ کردووە و پێی وتووە: “پێم باشە لە یانەیەکی تر یاریبکەیت تاوەکو لە پێکانەکە چاکدەبیتەوە و بە تەواوی ئامادەدەبیت بۆ یاریکردن”، گرێبەستەکەشی هەڵوەشێنراوەتەوە ئێستا ئەو یاریزانە ئازادە کە پەیوەندی بە کام یانەوە دەکات.
چەند رۆژێکە دەنگۆی ئەوە هەیە ئاسۆ رۆستەم پەیوەندی بە یانەی هەولێر دەکات، دواتر وترا کە زەوڕا لەسەر هێڵە و گفتوگۆکان لەگەڵ هەولێر شکستی هێناوە.
پێشتر ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەی شورتەی یانەی خۆی لە گفتوگۆدابووە بۆ مانەوە یان رۆیشتن، دواتر زاخۆ و زەورا بۆ گواستنەوەی هاتنە سەر هێڵ. یانەی هەولێر ئێستا لە شاری ئالانیای تورکیایە و کەمپێکی مەشق و راهێنانی کردووەتەوە و زیاتر لە دوو هەفتە دەمێنێتەوە، چەند یارییەکی دۆستانەشی کردووە و سەرجەمیانی بە ئاسانی بردووەتەوە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی