دوای‌ مه‌ولود شاره‌وانی‌ شه‌كه‌ت بووه‌

“135 تۆن پاشماوەی فڕێدراوە”

میدیازان – عەلی زەیتۆ – هەولێر

پاشماوەی مەولود لە هەولێر – میدیازان

وەزارەتی شارەوانی دەڵێت، ١٣٥ تۆن پاشماوە و زبڵیان کۆکردۆتەوە. بەڕێوەبەری ژینگەپارێزی هەولێریش دەڵێت، ٥٠ کارمەندو ١٨ ئامێر زیاتر لە هەشت کاتژمێر کاریان کردووە.

دوای تەواوبوونی بۆنەی مەولود، بەقسەی وەزارەتی شارەوانی بێت بەشدارانی یادی مەولود ١٣٥ تۆن زبڵ و خاشاکیان فڕێداوە. وەزارەتی شارەوانی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، دوای تەواوبوونی بۆنەی مەولود، ٥٠ کارمەندو ١٨ ئامێر بەشداربوون لە هەڵمەتی پاک کردنەوەی سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری.

ژیار جەلال، بەڕێوبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی هەولێر بە میدیازانی ڕاگەیاند، لەگەڵ ئەوەی پێشتر هەڵمەتێکی هۆشیاری پاک راگرتنی ناو بازاڕمان بڵاوکردەوە، بەڵام “بەداخەوە ، ناو شار بەتەواوی پیس کرابوو، زیاتر لە ٥٠ کارماندی ئێمە لە ئێوارەوە تا درەنگانی شەو، زیاتر لە هەشت کاتژمێر کاریان کردووەو، کۆچە و کۆڵانەکانی شاریان پاک کردەوەو دۆخەکەیان گەڕاندەوە رەشی ئاسایی خۆی”.