ئاسایشی سلێمانی؛ زیاتر لە سێ هەزار کەسمان گرتووە
+964
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
ئاسایشی سلێمانی، ئاماری رووداوەکانی ئەمساڵی سلێمانی ئاشکرا کرد، دەڵێ؛ لەمساڵدا سێ هەزار و ١٥٣ کەسی بە هۆکاری جیاجیا دەستگیر کراون. هەروەها زیاتر لە ٣٠٠ کیلۆگرام مادەی هۆشبەریش دەستی بەسەردا گیراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ـی کانونی یەکەم، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماری ٢٠٢٢ـی راگەیاند.
عەمید پشتیوان بەهادین، بەرپرسی بەشی لێکۆڵینەوەی لە ئاسایشی سلێمانی راگەیاند؛ لەمساڵدا سێ هەزارو ١٥٣ کەس بە هۆکاری جیاواز دەستگیر کراون، وتی “تەنیا لە بەشی تیرۆر ٢٢٧ تۆمەتبار دەستگیرکراون، کە ٢١٣ـیان رەگەزی نێرەو ١٤ـیان لە رەگەزی مێن. لەم ژمارەیەدا ٢٠٠ کەسیان خەڵکی شاری سلێمانی بوون و ٢٧ کەسەکەی دیکەش لە رەگەزە جیاوازەکان بوون”.
لەبارەی ماددە ھۆشبەرەکانەوە ئاسایشی سلێمانی ئاشکرایکرد، لەمساڵدا ٤٠٨ کەس دەستگیر کراون، ٨٠ کەسیان بازرگان و ٣٢٨ـەکەی دیکە بەکارھێنەر بوون. لەم ژمارەیەشدا ٥١ کەسیان بیانی بوون، ٣٢ کەسیش رەگەزی مێینە بوون.
هەروەها توانراوە پێنج کیلۆگرام تلیاک و ٢٦ کیلۆگرام حەشیش و ٣٧٣ کیلۆگرام شیشە و شەش کیلۆگرام ھیرۆین و ٦٢٥ ھەزار و ٥٠٠ دەنک حەبی ترامادۆڵ دەستیانبەسەردا بگیردرێت.
عەمید پشتیوان بەهادین، لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا ئەوەشی راگەیاند، لە بەشی لێکۆڵینەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکەدا، ٩٠٩ کەس لەسەر چەندان تاوانی جۆراو جۆر دەستگیر کراون، هاوکات هەزارو ٣٧٨ کەس لەوانەی سنور دەبەزێنن دەستگیرکراون.
عەمید پشتیوان بەهادین ئاماژەی بەوەشدا، تیمەکانی ئاسایش لەگەڵ قائیمقامییەتی سلێمانی سێ هەزارو ٤٦٥ پسوولەی سەرپێچییان بۆ شوێنەکان کردووە، لەوانە ٢٧٦ دوکان و جێگە داخراون، هاوکات لەلایەن بەشی ئابووری دامودەزگای بەڕێوەبەرایەتییە توانراوە دەستبگیردرێت بەسەر ٣١٧ تۆن و ٦٥٧ کیلۆ خۆراکی ماوە بەسەرچوو، ٤٦٦ ملیۆن و ٥٥٠ ھەزار دیناریش سزای دارایی ئەو شوێنانە بدرێت.
“توانراوە دەست بەسەر دەرمانی قاچاخدا بگیرێت، کە بڕەکەی ٦٩٠٤ دەرزی و ١٤٨٢ پاکەت دەرمانی پزیشکی لەگەڵ ٢٠ تۆن دەرمانی حەشەرات و ٦٧ سەتڵ دەرمانی لەشیجوانی”، عەمید شوان بەهادین وای وت.
روونیشی کردەوە، توانراوە بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکانی تردا ١٠٢٩ ئۆتۆمبیل و ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا دەستیان بەسەردا بگیرێت، ٧٥٢ چەک دەستی بەسەردا بگیرێت، ٢٤ ھەزار و ٩٧٤ فیشەکیش دەستیان بەسەردا گیراوە.
هێمای بۆ ئەوەش کرد، لە بەشی تاوانە ئەلکترۆنییەکان توانراوە ٣٠٧ داوای ھاووڵاتییان وەربگیرێت، ٢٤٩ کەیسیان رووبەڕووی دادگا کراونەتەوە، ٥٨ کەیسیان لەژێر لێکۆلینەوەدایە، ٣١٥٣ کەس لە لایەن ئاساییشی سلێمانییەوە دەستگیر کراون.