سەرووی 200 کەس بریندارن

بریندارانی رووداوەکەی حەمدانیە لە نەخۆشخانە پاسپۆرتیان بۆ دروست دەکرێت

فەهمی نەبی

تیمێكی باری شارستانی پارێزگای موسڵ بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق چوونەتە نەخۆشخانەی کۆماری شاری موسڵ، پەنجەمۆری ئەو بریندارانە وەردەگرن کە شەوی سێشەممە لە هۆڵی ئاهەنگێڕانی حەمدانیە سووتان و دەستبەجێ پاسپۆرتیان بۆ دروست دەکەن.

دره‌نگانی شه‌وی سێشه‌ممه‌ی رابردوو، له‌ ئاهه‌نگێكی بووكگواستنه‌وه‌ له‌ قه‌زای حه‌مدانیه‌، ئاگر له‌ هۆڵی ئاهه‌نگه‌كه‌ كه‌وته‌وه‌ ، كه‌ ده‌وترێت زیاتر له‌ 800 كه‌س له‌ ئاهه‌نگه‌كه‌دا به‌شداربوون، ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌ گه‌یشته‌ 116 كه‌س به‌ پێی ئاماره‌ نافه‌رمییه‌كان، هه‌روه‌ها نزیكه‌ی 200 كه‌سیش بریندارن.

ئەو تیمەی باری شارستانی پارێزگای موسڵ دەیانەوێت بەخێرایی پاسپۆرت بۆ ئەو بریندارانە دروست بکەن، بەتایبەت ئەوانەی پێویستیان بە دەرەوەی وڵات هەیە.

ئەمڕۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە، خانەوادەی ئەوانەی لە رووداوەکە مردوون 10 ملیۆن دینار قەرەبوو دەکرێنەوە و ئەوانەشی بریندارن پێنج ملیۆن دینار قەرەبوو دەکرێنەوە.