مەشقەکانی یانەی سەیدسادق. فۆتۆ: سۆشیال میدیا
خۆی ئامادە دەکات
سەیدسادق گرێبەستی لەگەڵ دە یاریزان کردووە
+964
یادگار محەمەد – سلێمانی
یانەی وەرزشی سەیدسادق بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان دەستی بە ئامادەکارییەکان کرد.
سەیوان فاتیح راهێنەری تۆپی پێی یانەی سەیدسادق بە 964ـی وت، بۆ وەرزی نوێی خولی کوردستان ماوەی دوو رۆژە تیپەکەیان ئامادەکاری دەستپێکردووە و بڕیاریشە چەند یارییەکی دۆستانە ئەنجام بدەن، کە تا ئێستا ناسنامەی ئەو تیپانە دەستنیشان نەکراون.
وتیشی، هەرچەندە تیپەکەیان تەنیا دەستبەرداری دوو یاریزانی بووە، بەڵام گرێبەستیان لەگەڵ یاریزانانی لێهاتوو کردووە، کە بتوانن تیپێکی رکابەری خولەکەبن.
بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان، یانەی سەیدسادق دەستبەرداری هەریەک لە هاوکار جەمال و بەڵێن فایەقی گۆڵکاری خولی کوردستان بووە بۆ هەریەک لە یانەکانی پێشمەرگە و چوارقورنە، بەڵام لە بەرامبەردا گرێبەستی لەگەڵ 10 یاریزانی کورد واژۆ کردووە و لە بەرنامەشدایە یانەکە گرێبەست لەگەڵ یاریزانێکی پیشەگەر واژۆ بکات.
یانەی وەرزشیی سەیدسادق ساڵی 1998 دامەزراوە و دوو وەرزە سەرکەوتووە بۆ ریزی یانە پلە نایابەکانی کوردستان، لە وەرزی 2021-2022 پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەی بەدەستهێنا و لە وەرزی پێشووشدا پلەی چوارەمی مسۆگەر کرد.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا