جوانکاری لە دار و باخچە و بلوارەکانی سلێمانیدا دەکرێت

+964

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

نزیکەی دوو ملیۆن دار، ٤٧٠ باخچە و هەشت پارک و ٧٥ بلواری سلێمانیی چاکسازی و جوانکارییان تێدا دەکرێت. بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی دەڵێت، ٤٠ رۆژە دەستیان پێ کردووە و کاتی تەواوبوونیشیان دیاری نەکردووە.

زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بۆ +964 ئاشکرای دەکات، جگە لە جوانکاری و چاکسازی هاوکات زیاتر لە ٥٠ هەزار نەمام دەڕوێنن و نەخشەسازیی نەمامی هەندێ شوێنی گشتیش لەناو شاری سلێمانی دەگۆڕن.

بەهرۆز سالار حەمەسەلیم، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی بە +964ـی راگەیاند؛ هەڵمەتێکی گەورەشمان هەیە، ئەویش ئەوەیە هاووڵاتییان هۆشیار بکەینەوە واز لەو شێوازە هەڵپاچینە نازاستییەی دار بهێنن و ڕێگە بدەن دارەکان بە سروشتی گەورە بن و سلێمانی سەوزتر بێت.

دەشڵێت، ناو سەنتەری شار و سنووری چالاکیی ئێمە سەوزایی ١٢٪یە.