دوکان چارەسەری کێشەی ئاوی چوار گەڕەکی دەکات
964+
ئەحمەد مستەفا
بە بودجەی رێکخراوی یونسێف، قایمقامیەتی دوکان دەیەوێت چارەسەری ئاوی خواردنەوەی چوار گەڕەکی قەزاکەی بکات.
پڕۆژەکە ھێڵی دووی گەڕەکی سارا یە و ئەمرۆ سێشەممە رادەستی کۆمپانیای جێبەجێ کار کرا، کە بە گوژمەوەی 450 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت.
سیروان سەرحەد، قایمقامی دوکان ئەمرۆ سێشەممە لە بارەی پرۆژەکەوە بە 964ی وت، “ئەم پڕۆژەیە کێشەی ئاوی خواردنەوەی ھەر یەک لە گەڕەکەکانی سارا، باسکە باریک، ئاشتی و دوکانی سەرو چارەسەر دەکات”.
کە بە وتەی ئەو، پێشتر لە رێگەی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی وێستگەی کارۆئاوی دوکان ئاوی خواردنەوەیان پێدەگەیشت، ئەمەش کێشەی بۆ وێستگەی کارۆئاوی دوکان و ھاوڵاتیانیش دروست کردبوو.
سیروان سەرحەد وتیشی، “بەڵام بەتەواو بوونی ئەم پڕۆژەیە لە ماوەی کەمتر لە هەشت مانگ دا، کۆتایی بەو کێشەو گرفتانە دێت، لەگەڵ تەواو بوونیشی کۆتای بە کێشەی کەمی ئاوی خواردنەوە دێت لەو گەڕەکانەدا”.