400 شوێنی ئاینی لە هەرێم بوون بە شوێنەوار

پێشەوا محەمەد

لە حەوت هەزار شوێنی ئایینی لە هەرێمی کوردستان 400یان تەمەنیان لە 200 ساڵ زیاترە و بوون بە شوێنەوار.

ئەو شوێنە ئایینیانە هی سەرجەم ئاینە جیاوازەکانی تێدایە، کە لە هەرێم پەڕەویان لێدەکرێت.

لە هەرێمی کوردستان پەیڕەوکارانی ئایینەکانی مسوڵمان، مەسیحی، جوو، زەردەشتی، بەهائی، سابیئەی مەندائی و  ئێزیدی دەژین.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزراەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، لە ئێستادا سەرقاڵی بە دیکۆمێنتکردنی ئەو 400 شوێنە ئایینیەن.

وتیشی، “دیکۆمێنتێک سەبارەت بەو شوێنانە لە ئاییندەیەکی نزیکدا چاپ دەکەین”.

بە گوێرەی بڕگەی حەوتی مادەی یەکی یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2021ی پەرلەمانی کوردستان، کە تایبەتە بە بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور لە هەرێمی کوردستان، هەر شوێنێک مێژووەکەی لە 200 ساڵ کەمتر نەبێت دەبێتە شوێنەوار.