یانەی هەولێر لە یانەی برایەتی بردەوە

964+

هێژا خەسرەو – هەولێر

لە یاریەکی دۆستانە هەردوو یانەی برایەتی و هەولێر لە یاریگای برایەتی یارییان کرد و یانەی هەولێر یارییەکەی بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ بردەوە.

گۆڵەکانی یانەی هەولێر لەلایەن ئەمجەد رازی، فرانک ئارهین و لویس ئیدوارەوە تۆمارکران، هەردوو گۆڵەکەی یانەی برایەتیش لە رێگەی یاریزان هەورۆ حەمەد تۆمارکران.

ئیبراهیم قادر، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی هەولێر لە لێدوانێکدا بە 964ـی راگەیاند، “ئەمە دوایین یاریمانە و بەیانی کاتژمێر پێنجی ئێوارە گەشت دەکەین بەرەو تورکیا و لەوێ درێژە بە مەشق و راهێنانەکانمان دەدەین، یاریزانەکانیشمان هەموویان ئامادەن و هیچ پێکانیکمان نییە”.

بەرپرسی راگەیاندنی یانەی هەولێر دەڵێت، “کەمپەکە ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە دەخایەنێت و رۆژانە مەشق دەکەین، رۆژێک نا رۆژێکیش مەشقەکانمان دەبێتە بەیانیان و ئێواران. کەمپی مەشق و راهێنانی یانەی هەولێر لە ئالانیایە و لەوێدا پێنج یاری دۆستانەش دەکەین”.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی